بەگوێرەی پێگەی هەواڵی ئەلمۆنیتەر، بەم زووانە مەزڵووم عەبدی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبێتەوە.
چوارشەممە 15ـی کانوونی دووەمی 2025، پێگەی هەواڵی ئەلمۆنیتەری ئەمەریکی، بڵاوی کردەوە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بەمزووانەی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبێتەوە.
بە گوێرەی پێگە هەواڵییەکە. کۆبوونەوەکە بە یەکێک لە هەنگاوەکانی ئیدارەی بایدن دادەنرێێت بۆ لێکنزیککردنەوەی هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان.
دووشەممە 13ـی کانوونی دووەمی 2025، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) پێشوازیی لە د.حەمید دەربەندی، نوێنەری سەرۆک بارزانی بۆ باکوور و ڕۆژئاوای سووریا کرد.
بەپێی زانیارییەکان، لەو کۆبوونەوەیەدا، پەیامی سەرۆک بارزانی لەڕێگەی د.حەمید دەربەندی گەیەندرایە مەزڵووم عەبدی، کە تێیدا دووپات لە گرنگیی یەکڕیزی نێو ماڵی کورد و ڕووبەڕووبوونەوەی ئالەنگارییەکانی ئێستای سووریا کراوەتەوە.
لە بەرامبەردا، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) دووپاتی ئەوەی کردەوە کە قۆناغی ئێستای سووریا پێویستی بە هەوڵی هەموو لایەنەکانی کوردستان هەیە بۆ گەیشتن بە ئارامی و سەقامگیریی و پارێزگاریی کردن لە بەرژەوەندیی و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان.
وەڵام بدەوه