بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی شاندێكی باڵا سەردانی بەغدا بكات، ئەو بەشداری لە كۆبوونەوەیەكی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەكات و چاوی بە ژمارەیەك بەرپرسی باڵای عێراق دەكەوێت، پەرلەمانتارێك ئاشكرای دەكات كە مووچە و نەوت دوو بابەتی سەرەكیی سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم دەبن.
سەباح سوبحی ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز و فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی، هەر لەگەڵ گەیشتنی بۆ بەغدا، شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ سێ سەرۆكایەتییەكانی عێراق و ژمارەیەك سەركردە سیاسییەكان كۆ دەبێتەوە.
زیاتر گوتی، لەو كۆبوونەوانە گفتوگۆ لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هەمواركردنەوەی مادەی 12 لە یاسای بودجەی گشتیی عێراق پێوەست بە دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكرێت، جیا لە گفتوگۆ لەبارەی دەست پێكردنەوەی هەنارنی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیا و شایستە داراییەكانی كۆمپانیا نەوتییەكانی لە هەرێم كار دەكەن.
لای خۆیەوە باقر ساعیدی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەبارەی سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم گوتی، پێشبینی دەكرێت كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەل چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بەغدا ببێتە هۆی چارەسەربوونی تەنگژەی مووچە، هەر لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دەكرێت.
ئەمە و چاوەڕوان دەكرێت ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بگاتە بەغدا بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، ئەو لە سەردانەكە چەند پرسێكی گرنگ پێوەست بە مووچەی فەرمانبەران و دۆسیەی نەوتی هەرێم دەخاتە روو.
وەڵام بدەوه