شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشکرای کرد کە پێشبینی دەکرێت لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە شەپۆلێکی زۆر بەهێز و چڕی بەفربارین بەشێکی زۆری ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
ئەمشەو سێشەممە 7/1/2025، هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی بڵاوی کردەوە: "پێشبینی دەکرێت لە ناوەڕاستی ئەم مانگە بەدواوە لەنێوان مەودای 18/1/2025 بۆ 22/1/2025، بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری زۆر بەهێز لە سیبیریاوە ڕوو لە وڵاتانی سووریا، ئوردەن، لوبنان، فەڵەستین، تورکیا، میسر، باکووری خۆرڵاتی لیبیا، تەواوی ناوچەکانی باکووری سعوودیە، باکووری کوردستان، ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەرێمی کوردستان و عێراق بکات کە پلەکانی گەرما دابەزینی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت و لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان پلەی گەرما لەژێر سفری سیلیزییەوە دەبێت."
روونیشی کردووەتەوە: "بەپێی پێشبینییە سەرەتاییەکانی کەشوهەوا کە ئاماژەی پێدەکەن شەپۆلێکی زۆربەهێز و چڕی بەفربارین بەشێکی زۆری ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە، ئەگەر شەپۆلەکە گۆڕانکاری بەسەردا نەیەت و جێگیر بێت وەکوو ئێستا بە بەهێزی بمێنێتەوە ئەوا پێشبینی دەکرێت لە 70% تا 80%ی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان سپی پۆش بێ و بەفر ببارێ، هاوشێوەی بەفربارینەکەی ساڵی 2023.
هەروەها ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی ئەوەشی خستووەتە روو: "ئەگەری هەیە بارستە هەوا ساردەکە زیاتر دابەزێتە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و لەسەنتەری شارە گەورەکانی هەرێمی کوردستانیش بەفر ببارێت."
وەڵام بدەوه