لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆكی بەرەی گەل ئاشكرای دەكات كە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حیزبەکەی دەستیان لە هێنانی ژمارەیەكی زۆر لە ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و مۆدێل كۆن لە هەرێمی كوردستان هەبووە.
لاهوور شێخ جەنگی نووسینێكی لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووك بڵاوكردەوە، سەبارەت بە دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران ڕەخنەی توند دەگرێ و دەڵێت: تەنیا داهاتی مەرزەکان (هێڵی سەرۆکی یەکێتی) و بازگەکانی زۆنی سەوز زیاترە لە 150 ملیۆن دۆلاری مانگانە.
لاهوور شێخ جەنگی ڕاشیگەیاند: ئەمڕۆ گوێبیستی ئەوە بووم گوایە ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان دەستیان بەسەردادەگیرێت لەلایەن لیژنەی باڵای ئەمنیی سلێمانییەوە، ئەمە لەکاتێکدایە لە هەڵبژاردنی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان ئیدارەی گشتیی یەكێتی داوای لێکردن کە ئەگەر ئاڵا و وێنەی سەرۆکی یەکێتی لە ئۆتۆمبێلەكانیان بدەن بۆ بانگەشە، ئەوا ئەوکات ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان کێشەیان نابێت لە داهاتوودا، ئەوانیش بە قسەیان کردن و ئۆتۆمبێلەكانیان سەوز پۆش کرد، ئەنجامەکەی چی بوو؟.
سەرۆكی بەرەی گەل ئاشكراشی دەكات كە لە 2 مانگی ڕابردوودا بافڵ تاڵەبانی مۆڵەتی پێنج هەزار ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێلی ڕێگەپێدراوی داوە بە دوو بازرگانی ئۆتۆمبێل بۆ داخڵکردنیان لە مەرزی پەروێزخانەوە پێشەکیش پارەی خۆی بە بە کاش لەو دوو بازرگانە وەرگرتووە، کەچی ئێستا هەرخۆی بڕیاری داوە هەرکەسێک ئەو ئۆتۆمبێلانەی کڕیبێت و لەسەر شەقام بێت، دەبێت دەستگیر بکرێت.
وەڵام بدەوه