وەزارەتی كارەبا بڕیارێك بۆ باشكردنی پێدانی كارەبای نیشتمانی دەدات و باشتر بەڕێوەبردنی ئەو بڕە کارەبایەی ئێستا بەرهەم دێت تاوتوێ دەكات.
وەزارەتی كارەبای حکوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی كردەوە: "بڕیاردرا ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی سیستەمی کارەبا بەشێوەیەک بەڕێوەببرێت كە لەگەڵ هەرسێ ئاستی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشکردن بگونجێت و سیستەمەكە لە بەرامبەر هەر جۆرە گوشار و زیانلێکەوتنێک پارێزراو بێت."
ئاماژە بەوە كراوە: "ئەو بڕیارە لەمیانەی كۆبوونەوەیەكدا بوو لە دهۆك كە بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی کارەبا و گونجاندنی لەگەڵ بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا لە وەرزی زستاندا، بە سەرپەرشتیی ئومێد ئەحمەد، بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵی کارەبای هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی بەرپرسی کۆنتڕۆڵی کارەبای پارێزگاکان بەڕێوەچوو."
وەزارەتی كارەبا ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە یەکخستنی میکانیزمی دیاریکردنی کاتەکانی پێدانی کارەبا و باشتر بەڕێوەبردنی ئەو بڕە کارەبایەی لە کاتی ئێستادا بەرهەم دێت و بەسەر پارێزگاکان دابەشکراوە."
وەڵام بدەوه