شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشکرای کرد ئەمشەو لە چەند ناوچەیەکی پارێزگای هەولێر، پلەکانی گەرما ژمارەیەکی پێوانەیی لە دابەزین تۆمار دەکات و دەگاتە 12 پلە ژێر سفری سەدی.
ئەمشەو چوارشەممە 27/11/2024، هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی بڵاوی کردەوە: "لەسبەینێوە کۆتایی بە شەپۆلی بەفروباران دێت کە ماوەی چەند ڕۆژێکە ڕوویکردۆته هەرێمی کوردستان و کەشوهەوای سەرجەم ناوچەکانی سەقامگیر و ئاسایی دەبێتەوە و بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بەرزەپەستان بەسەرتەواوی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان زاڵ دەبێت وشکەساردی دەستپێدەکات و لەشەواندا کەشێکی تەواو سارد دروست دەبێت."
دەشڵێت: "درەنگانی ئەمشەو بۆ کاتی بەرەبەیان بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر مانەوەی بارستەهەوای ساردی جەمسەری لە ناوچەکەمان پلەکانی گەرما لە بەشێکی زۆری ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، ڕاپەڕین و هەڵەبجە دەگاته ژێر سفری سیلیزی و لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر لە حاجی ئۆمەران، سیدەکان، چۆمان و دەوروبەری پلەکانی گەرما ژمارەیەکی پێوانەیی تۆماردەکات و بۆ یەکەمجار لە وەرزی پاییزی ئەمساڵ پلەی گەرما دەگاتە (-10 بۆ -12) پلەی ژێر سفری سەدی، لە سەنتەری شارە گەورەکانیش هەولێر، دهۆک، گەرمیان و موسڵ پلەکانی گەرما لە نێوان (1 بۆ 3) پلەت سیلیزی دەبێت و نزیک دەبێتەوە لە سفری سەدی."
ئاماژەشی بەوە داوە: "درەنگانی ئەمشەو چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما و بەرزی شێ ڕێژەیی لەهەودا لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری ڕوودانی شەختە و تەمومژهەیە، بۆیە پێویستە شۆفێران ئاگاداری خۆیان بن پابەندی رێنوێنییەکانی هاتوچۆبن بۆ پاراستنی گیانی خۆیان."
وەڵام بدەوه