بە کۆی گشتی 300 بۆ 350 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین زەوییان پێدەدرێت، ئێستا لە هەرچوار پارێزگای هەرێمی کوردستان نزیکەی 190 هەزار پارچە زەوی ئامادەکراون یان لە قۆناغی کۆتایی ئامادەکردندان، لە هەولێر 50 بۆ 70 هەزار، لە دهۆک زیاتر لە 35 هەزار، لە سلێمانی 50 بۆ 65 هەزار و لە هەڵەبجە 15 بۆ 20 هەزار پارچە زەوی.
قۆناغی یەکەمی دابەشکردنی زەوی تەواو بووە و زیاتر لە 15 هەزار کەس وەریان گرتووە، هەفتەی داهاتوو قۆناغی دووەم دەستپێدەکات و زیاتر لە 30 هەزار کەس وەری دەگرن، پرۆسەکە بەردەوام دەبێت تاوەکو ساڵێک بۆ دوو ساڵی دیکە.
کاتێک فەرمانبەران زەوی وەردەگرن ڕاستەوخۆ دەتوانن تاپۆی بکەن، حکومەتیش بەڵێنی داوە هەموو خزمەتگوزارییەکیان بۆ دابین بکات، بەڵام کاتی دەوێت و دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ نزیکەی 350 هەزار پارچە زەوی ئاسان نییە.
کوردستان پرێس زانیاری شوێنی زەوییەکان لە شارەوانی و سەرچاوەی فەرمی حکومی وەرگرتووە، خەمڵاندنی نرخی زەوییەکانیشی لە عەقاراتەکان وەرگرتووە، لە هەر شوێنێک پرسی بە دوو بۆ سێ عەقارات کردووە.
شاری هەولێر
لە سنووری هەولێر یەکلاکراوەتەوە لە چەند شوێنێک زەوی دابەش دەکرێت، یەکێک لەو شوێنانە گوندی ئاشۆکان و گوندەکانی دەوروبەریەتی لەسەر ڕێگای دهۆک بەرامبەر بەحرکە. لەو شوێنە 27 هەزار پارەچە زەوی ئامادەکراون، نرخی ئێستای پارچە زەوییەکی 200 مەتری لە نێوان پێنج هەزار دۆلار بۆ حەوت هەزار دۆلارە، واتە 50 بۆ 70 وەرەقە، پێشنینی دەکرێت دوای ئەوەی خزمەتگوزارییان بۆ دابین دەکرێت نرخەکەی بگاتە 20 هەزار بۆ 30 هەزار دۆلار، واتە دوو دەفتەر بۆ سێ دەفتەر.
ناوچەی دووەم لە شاری هەولێر دەکەوێتە ڕێگای کەرکووک نزیک قوشتەپە، لەوێ لە سێ شوێن زەوی ئامادەکراون و ژمارەی پارچە زەوییەکان هەزار پارچەیە و دەکەونە تەنیشت کۆمەڵگەی کاوە، تەنیشت گەڕەکی ژین و بەرامبەر پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل. ئێستا پارچەیەک زەوی لەوێ سێ هەزار و 500 دۆلار بۆ شەش هەزار و 500 دۆلار دەکات، پێشنینی دەکرێت دوای ئەوەی خزمەتگوزارییان بۆ دابین دەکرێت نرخەکەی بگاتە 18 هەزار بۆ 23 هەزار دۆلار، واتە دەفتەرێک و 80 وەرەقە بۆ دوو دەفتەر و 30 وەرەقە.
شاری دهۆک
لە سەنتەری پارێزگای دهۆک زەوی نەماوە بۆ ئەوەی بەسەر فەرمانبەران دابەش بکرێت، ناچار دەبێت لە دەورووبەری بێت. شارەوانی دهۆک سێ شوێنی بۆ دابەشکردنی زەوی دیاری کردووە و لەو شوێنە 35 هەزار پارچە زەوی دابەش دەکرێن، دەتوانین بڵێین دەکەونە سنووری قەزای سێمێل، ناحیەی فەیدی و ناوچەی تەناهیێ. نرخی پارچە زەوییەکانیش لە دهۆک لە هەموو شوێنەکانی دیکەی کوردستان بەرزترە.
ئێستا پارچەیەک زەوی لەو شوێنانە لە نێوان سێ هەزار دۆلار بۆ 10 هەزار دۆلار دەکات، پێشبینیش دەکرێت لە داهاتوودا و دوای دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆیان بگاتە 40 بۆ 60 هەزار دۆلار، واتە چوار بۆ شەش دەفتەر.
شاری سلێمانی
سێ شوێن یەکلایی کراونەتەوە بۆ ئەوەی کەرت بکرێن و بەسەر فەرمانبەران دابەش بکرێن، ئەو شوێنانە پێکهاتوون لە تاسڵوجە، سۆرتک و تانجەڕۆ، لەو سێ شوێنە 30 هەزار پارچە زەوی ئامادەکراون، ئێستا نرخی پارچەیەک زەوی دوو هەزار و 500 دۆلار بۆ چوار هەزار دۆلار دەکات، پێشبینی دەکرێت لە داهاتوودا نرخی هەر یەکێکیان بگاتە 27 هەزار بۆ 30 هەزار دۆلار، واتە دوو دەفتەر و 70 وەرەوە بۆ سێ دەفتەر.
شاری هەڵەبجە
لە سێ شوێنی هەڵەبجە زەوی بۆ دابەشکردن ئامادە دەکرێن، شوێنە پێشنیازکراوەکان بریتین لە دەوروبەری گوندەکانی عەبابەیلی و جەلیلە، سێیەم شوێنیش نێوان هەڵەبجە و قەزای سیروان دەبێت. لەو سێ شوێنە 15 بۆ 20 هەزار پارچە زەوی ئامادە دەکرێن، بە نزیکەیی ئێستا نرخی پارچەیەک زەوی 200 مەتری لەو شوێنانە سێ بۆ چوار هەزار دۆلار دەبێت، پێشبینی دەکرێت لە داهاتوودا نرخیان بگاتە 10 بۆ 15 هەزار دۆلار، واتە دەفتەرێک بۆ دەفتەر و نیوێک.
وەڵام بدەوه