سیستمی بیمەی تەندروستیی وەزارەتی پێشمەرگە؛ سیستمێكی دڵنیاییە بۆ هەر پێشمەرگەیەك تووشی نەخۆشی دەبێت و پێویستیی بە چارەسەری تەندروستی یان نەشتەرگەری دەبێت، لە نەخۆشخانە حكوومی و تایبەتەكان چارەسەری بۆ دابین دەكرێت و 70%ـی خەرجییەكانی بۆ دەگەڕێنرێتەوە.
ڕەزا ئیسماعیل بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی كاروباری پزیشكیی گشتیی پێشمەرگە، لەمبارەیەوە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی رای گەیاند، هەر پێشمەرگەیەك دەتوانێت لە ڕێگەی سیستمەكەوە نووسراوێكی ڕاستەوخۆ بكات، پاشان لە ڕێگەی لیژنەی تایبەتمەندی پزیشكییەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت كە چۆن لە ڕێگەی نەخۆشخانە تایبەت و حكوومییەكان چارەسەر وەربگرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كە ئەو پێشمەرگانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، لە ڕێگەی سیستمی بیمەی تەندروستییەوە، بەشێك لە چارەسەرەكانیان وەردەگرن و هەر پێشمەرگەیەك ڕێگەپێدانی پێشوەختەی هەبێت بۆ چارەسەركردن، تا ڕێژەی 70% گەڕانەوەی خەرجی بۆ دەكرێت.
لەبارەی ئەو پێشمەرگانەشەوە كە ڕێگەپێدانیان نییە گوتی، ئەو پێشمەرگانەی بە هەر هۆكارێك ڕێگەپێدانیان نەبێت، لە ڕێگەی لیژنەی پزیشكییەوە بەدواداچوونی بۆ دەكرێت و تا 25% گەڕانەوەی خەرجی چارەسەرییەكەی بۆ دەكرێت.
سیستمی بیمەی تەندروستیی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ خزمەتكردنی زیاتری هێزەكانی پێشمەرگەیە و لە داهاتوویەكی نزیكیشدا خزمەتگوزاریی بیمەی تەندروستی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە فراوانتر دەكرێت، كە جگە لە خودی پێشمەرگەكە، خێزانەكەشی دەتوانێت لەو خزمەتگوزارییە سوودمەند بێت.
وەڵام بدەوه