پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە و 105 هەزار پارچە زەوی دیکە ئامادە کراوە، لەم هەفتەیەدا تیروپشک بۆ بەشێکیان دەکرێت.
پرۆسەی دابەشکردنی زەوی ماوەیەکە دەستیپێکردووە، بەگشتی زیاتر لە 200 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن، تاوەکو ئێستا نزیکەی 12 هەزار کەس وەریان گرتووە.
کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر ڕاگەیاند: پێنج هەزار پارچە زەوی ئامادەن، کارتیان بۆ کراوە و ڕەزامەندی لەسەر ناوەکان دراوە. دەڵێت: لەو ژمارەیە دا سێ هەزار پارچە زەوی لە ناو هەولێرن و چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە تیروپشکیان بۆ دەکرێت. دوو هەزارەکەی دیکەش لە سنووری شارەوانییەکانی دیکەی هەولێرن و دواتر تیروپشک بۆ ئەوانیش دەکرێت.
زەردەشت ڕەفیق، گوتەبێژی شارەوانی سلێمانی گوتی، ناوی شەش هەزار فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتی کارەبا و وەزارەتی کار پەسەندکراوە و لە ئایندەیەکی نزیک تیروپشکیان بۆ دەکرێت.
لە سلێمانی لە قۆناغی یەکەمدا هەزار و 600 فەرمانبەر زەوییان وەرگرتووە.
دیار بەحری، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دهۆک دەڵێت: 49 هەزار پارچە زەوی ئامادەکراون، هەفتەی داهاتوو تیروپشک بۆ دابەشکردنی هەزار پارچە زەوی دەکرێت.
ئێستا 105 هەزار پارچە زەوی ئامادەکراون، لەو ژمارەیە بەشێکیان سەرجەم ڕێکارەکانیان تەواوکراون و کارتیان بۆ کراوە، ئەم هەفتەیە تیروپشک بۆ بەشێکی ناوەکان دەکرێت و هەفتەی داهاتووش بۆ بەشەکەی تر.
پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆ و قەزاکان بەردەوامە و قۆناغ بە قۆناغ زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینان دابەش دەکرێ، هەر کەسێک مەرجەکانی تێدا بێت و پێشتر سوودمەند نەبووبێت زەوی وەردەگرێت.


وەڵام بدەوه