ئەندامێكی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان، وەڵامێكی توندی سەعدی پیرەی وتەبێژی یەكێتییەكەی بافڵ تاڵەبانی دەداتەوە و پێی دەڵێت: ”لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكاندا بینیمان، خەڵكی كوردستان بڕیاری دا كە ئێوە مونافیسی نەوەی نوێ و شاسوارن، نەك پارتی.“
ئەمڕۆ سێشەممە، سەعدی پیرە وتەبێژی یەكێتی، لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵێكی بافڵ تاڵەبانی، داوای كرد كە یەكێتی زیاتر لە حەقی خۆی لە حكوومەت پێ بدرێت و رایگەیاند كە یەكێتی بە مەرجی (شەریكی!) لە حكوومەت بەشداری دەكات نەك وەك (موشاریك!) ئەگەر نا پێویست بە گفتوگۆ ناكات.
لە وەڵامی ئەو لێدوانەی پیرەدا، ئەحمەد كانی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند: ”دەبێ سەعدی پیرە و حزبەكەشی باش بزانن، ئەو سەردەمە نەما كە عەنتەرییات و خۆفەڕزکردن شت بەدەست بهێنن، ئیستیحقاق و شایستەبەشی هەڵبژاردن چیە، دەبێ بەشدارییش لە حكوومەتدا لەسەر ئەو بنەمایە بێت.“
گوتیشی: ”خۆتان پێش هەڵبژاردن دەتانگوت دەنگی خەڵک پێوەرە، ئێستاش خەڵك رای راشكاوانەی خۆی داوە و ئەو لایەنەی هەڵبژاردووە كە دەیەوێت، ئیتر بە سەعدی پیرە دەڵێین ئێستا بۆ قسەی خۆتان پێشێل دەکەن؟“
كانی بە گوتەبێژی یەكێتییشی گوت: ”سەیری ئەنجامەکانی خۆتان و ئەنجامەكانی پارتی بکەن ئینجا وەرن قسە بکەن. لەمەولا چیتر ئێوە مونافسی پارتی نین، ئێوە مونافسی شاسوار و نەوەی نوێن.“
وەڵام بدەوه