رەنگە ئێران یەكێك بێت لە وڵاتانی بەهێزی ناوچەكە لە رووی سەربازییەوە و لە 1979ەوە لە دوای شۆڕشی ئەو وڵاتە لەسەر بنەمای پرەنسیپی هەناردنی شۆڕش، خەریكی خۆسازدانی سەربازییە و بەرنامەیەكی تۆكمەی مووشەكی هەیە و دەیان گرووپی چەكداری شیعەی لە ناوچەكە دروست كردووە، جیا لەوەی هەڕەشەی پەرەپێدانی بەرنامەیەكی ئەتۆمی دەكات، بەڵام هێزی ئەو وڵاتە بەوەی ئەمەریكا نایەتە بەراوردكردن.
پەیمانگەی كارنیجیی ئەمەریكی داوا لە ئێران دەكات سوود لە هەڵە گەورەكانی سەدام حوسێن لە نەوەتەكانی سەتەی رابردوو ببینێت، كاتێك دۆخەكەی پەرە پێ دا و سەردانی پشكنرانی نێودەوڵەتی بۆ دامەزراوە سەربازییەكانی وەستاند و گومانی لەسەر بەرنامەی چەكەكانی زیاد كرد، ئێستەش لە سایەی رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ئێران و ئیسرائیل ئەگەری هەیە ئێران پەنا بۆ هەنگاوێكی هاوشێوە بە كشانەوەی لە پەیماننامەی رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمی و سنووداركردنی هاریكاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ببات.
وەك پەیمانگەكە ئاماژەی كردووە، بەپێی مادەی 10ی پەیماننامەكە ئێران دوای خستنەڕووی هۆكارەكان دەتوانێت بكشێتەوە، بەوەی بەرژەوەندییە باڵا نیشتمانییەكانی كەوتوونەتە مەترسییەوە، لەوانە هێرشەكانی ئیسرائیل و گوشاری نێودەوڵەتی لەسەری، بۆیە ئەگەر وا بكات، رەنگە ئاماژەیەك نەبێت بۆ ئەوەی ئێران بووەتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی، بەڵام مەترسیداریی ئەو هەنگاوە زیادكردنی گومانە لەسەر خۆی، بەتایبەتی كە چەندان جار تاران رای گەیاندووە كە دەتوانێت بە خێرایی بگاتە ئاستی بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی.
راپۆرتەكە ئاماژەی كرد كە رەنگە خاوەن بڕیارە سیاسییەكان لە تاران وای بۆ بچن دروستكردنی دۆخێكی نادیار بۆ بەرنامە ئەتۆمییەكەیان ئاستی هەستكردن بە مەترسیداری لە لایەن بەرانبەرەكانیان زیاد دەكات و حسێبی زیاتری بۆ دەكەن، بەڵام لە نەوتەكان عێراق دۆخێكی هاوشێوەی بەسەر هات، كاتێك سەدام حوسێن رێگری لە پشكنران كرد و لە كۆتاییش پشكنینی دامەزراوە سەربازییەكانی بەتەواوەتی وەستاند، ئەوەش بووە هۆی زیادبوونی گومان و پاساوی ئەمەریكا لەبارەی چەكە كۆمەڵكوژییەكانی، كە دوایی دەركەوت هیچ بنەمایەكیان نییە، بەڵام وای كرد ئیدارەی جۆرج بۆش لە 2003 عێراق داگیر بكات، بۆیە با ئەوە وانەیەك بێت بۆ ئێران و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش.


وەڵام بدەوه