لاهوور شێخ جەنگی كە سەرۆكایەتی بەرەی گەل دەكات و لە هەڵبژاردنی 20ی ئۆكتۆبەر تەنیا دوو كورسیی پەرلەمانی بە دەستهێنا، دوودڵە لەوەی بەشداری كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات یان نا.
سەرچاوەیەكی بەرپرس لە بەرەی گەل، راگەیاند، هەفتەی رابردوو لاهوور شێخ جەنگی لە هەولێر و سلێمانی دوو كۆبوونەوەی لەگەڵ كاندیدەكانی كردووە كە دەرنەچوون بۆ پەرلەمانی كوردستان و پێی گوتوون كە ئەو درێژە بەسیاسەت دەدات و ئەوەی لەگەڵی دەمێنێتەوە شوێنی خۆی دەبێت و ئەوەیشی ناتوانێ درێژەی پێ بدات ئازادە.
وەك سەرچاوەكە گوتی، لاهوور شێخ جەنگی لە كۆبوونەوەكەدا نەیگوتووە كە بەشداری لە حكوومەتی داهاتووی كوردستان دەكەن یا نا، بەڵام ئەوەی دركاندووە كە بۆ ئەوان ئاساییە بەشدار بن لە حكوومەت، چونكە لە هەموو حاڵەتێكدا لە حكوومەتەوە خزمەت بكەن باشترە.
هەر لەناو ئەو كۆبوونەوانەدا، لاهوور شێخ جەنگی دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە ئەگەر پارتی دیموكراتی كوردستان دڵنیایی پێبدات لە حكوومەت هاوكار دەبێت تا كار بكەن وەك بەرەی گەل ئاساییە بچنە حكوومەتەوە.
ئەوەی سەرچاوەكە زیاتر باسی كرد ئەوە بوو كە لاهوور شێخ جەنگی داوای كردووە ئەوانەی لەگەڵ ئەون بیر بكەنەوە بۆ داهاتوو بزانن چی بكەن و هەر كەسەیش لە كۆبوونەوەی داهاتوو رای خۆی بڵێت.
بەرەی گەل رەوتێكی نوێیە لە كوردستان و لاهوور شێخ جەنگی سەرۆكایەتی دەكات، بەڵام لە هەڵبژاردن تەنیا دوو كورسیی پەرلەمانی كوردستانی بە دەستهێنا.
وەڵام بدەوه