بەشدار بازیانی، ڕۆژنامەنووس لە سلێمانی، لەسەر پرسی تەزویر یان هاککردنی ئامێرەکان و ساختە و دیزاینکردنی هەڵبژاردن لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە، چەند نهێنییەكی باس كردووە و ئەو كۆبوونەوە نهێنییانە ئاشكرا دەكات كە وڵاتێكی دراوسێ لەگەڵ چەند حزبێكدا پێشوەختە كردوویەتی و دەڵێت: "ئەم باسە دیوێکی تری نهێنی و تایبەتتری هەیە و لایەنە ناڕازییەکان یاخود ئۆپۆزسیۆن نایانەوێت باسی بکەن، بەڵام من پێتان دەڵێم."
بازیانی دەڵێت: "لە کۆتاییەکانی مانگی ئاب و بە دیاریکراوی لە بەروارەکانی ٢٠ و ٢١ و ٢٤ و ٢٦ی مانگ، لە شاری سلێمانی و لە شوێنی مانەوەی خۆیان (وەفدێکی ئێرانییەکان کە پێکهاتبوون لە ئاغای ئەس...ی و بەڕێز دان...ڕ و نوێنەری ئاغای مەحموودیان و بەرپرسی ئەحزابی کوردیی قەرارگا) لە سلێمانی (گردەکەی فەرەیدوون)، چاویان کەوتووە بە نوێنەر و بەرپرسی هەر یەکە لە پارتەکانی (کۆمەڵی دادگەری، بزووتنەوەی گۆڕان، ڕەوتی هەڵوێست، سۆسیالیست، یەکێتیی نیشتیمانی، نەوەی نوێ و یەکگرتووی ئیسلامی).
لە کۆبوونەوەکان باس لە هەڵبژاردنەکان کراوە و وەفدی ئێرانییەکان بەجۆرێک گرێنتیی کورسیان داوە بە ناوی پێشبینیی هێنانی کورسی بۆ ئەم لایەنانە و چەند بەڵێنێک. ئاغای ئەس...ی و هاوڕێکانی بەمجۆرە باسیان لە دابەشکاریی کورسی کردووە: حەوت کورسی بۆ کۆمەڵی دادگەری، هەشت کورسی بۆ بزووتنەوەی گۆڕان، پێنج كورسی بۆ هەڵوێست و دوو بۆ کاکەحەمە، لەگەڵ یەکگرتوو لە دانوستاندا بوون و یەکگرتوو گومانی هەبووە و نەیویستووە لە ڕێکكەوتن لەگەڵ ئێرانییەکان تێوە بگلێت.
ئەو ڕۆژنامەنووسە دەشڵێت: ئاغا و تیمەکەی قسەیان لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی کردووە، بەڵام لاهور ئەو ڕێکكەوتنانەی ڕەت کردووەتەوە و گوتویەتی بەهێزی خۆی داخل دەبێت و ڕێکكەوتنی ناوێت و هەرچی هێنا تەحەمولی دەکات و حەزی بە ڕێككەوتنی وا نییە .
ئەوەشی ئاشكرا كردووە: یەکێتیی نیشتیمانی و نەوەی نوێش لە بناغەدا زۆر باوەڕیان بەو بەڵێنانە نەبووە، شتی گرێنتیکراوی باڵاتریان ویستووە (کاک ... ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، گوتویەتی ئەم ڕێکمەوتننانە ڕاست نین، چونکە ئەگەر بڕیار بێت دیزاین و ڕێکكەوتن بکرێت، ئەوە لە ئاستی جێگری سەرۆکوەزیران و بەرپرسی کاروباری ڕابەری ئێران دەکرێت، نەک كونسوڵ و نوێنەری مەحموودیان. هەر بۆیە ئەوان هەڵمەتی خۆیان ئەنجام دا، واتا یەکێتی گرێنتیی باڵاتری ویستووە .
لە ڕاستیدا لەوەیە گلەیی بەشێک لەم هێزانە ئێستا ئەوە بێت، کە ئەمان بەم ڕێکكەوتنە بچووکەوە خافڵێندرابوون و ڕێکكەوتنی گەورەتر کراوە، ئەمان بەو جۆرە نایانەوێت یاخود ڕوویان نییە بیڵێن .
تێبینیی یەکەم: عومەری سەید عەلی کە بەڵێنی هەشت کورسییان پێدرابوو، لە کاتی ڕادەستکردنی دەسەڵاتەکانی بە دانای ئەحمەد مەجید، پێی گوتووە "هەشت مسۆگەرە، خەمت نەبێت" بۆ ئەمەش شاهید هەیە .
تێبینیی دووەم: جاری دووەمی بینینەکان لە ڕۆژانی 2 و 4 ئەیلوول بوون و جارێکی تر دڵنیایی درابوو .
تێبینی سێیەم: من ناڵێم تەزویر نەکراوە، دەڵێم ئەم گلەییانە سەرچاوەیەکی تری نەبینراوی هەیە و ئەوەش ئەرکی ڕۆژنامەوانییە هەموو پارچەکانی وێنەكە نیشانی ئێوە بدات.
لە كۆتاییدا دەڵێت: بەشێکی ئەم گوتارە توندەی ئۆپۆزسیۆن پەیوەندیی بە فشاری کاندیدە دەرنەچووەکانیانەوە هەیە، پارەیەکی زۆریان سەرف کردووە و نیگەرانن، بەشێكی تری پەیوەندیی بە پرسی شاردنەوە و ونکردنی بابەتی شکستەوە هەیە ."


وەڵام بدەوه