ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، كێشەیەكی گەورەی لەنێو ڕیزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەولێر دروست كردووە و یەك لە دوای یەك بەربژێرانی دەرنەچووی یەكێتی لە هەولێر دەنگی ناڕەزایی دەردەبڕن.
ڕۆژی یەكشەممە 20ی ئۆكتۆبەری 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە چوو كە تێیدا یەكێتی لە بازنەی هەولێر تەنیا 110353 دەنگی بەدەست هێنا، بەم هۆیەوە تەنیا شاڵاو كۆسرەت ڕەسووڵ و چوار بەربژێری دیكەی یەكێتی كورسیی پەرلەمان بەدەست بهێنن كە بەشێكیان ئەو جنێودەرانەن كە لەنێو یەكێتییە رەسەنەكان نامۆن و كەس حەز بە چارەیان ناكات. ئەمەش بووە هۆی تووڕەكردنی یەكێتییەكان و بەم هۆیەوە دەست لەكاركێشانەوە و هەڵوێست وەرگرتن دەستی پێكردووە.
لەم چوارچێوەیەدا، رێژنە مەجید، بەربژێری یەكێتی لە هەولێر، نووسینێكی كورتی لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاو كردۆتەوە و پاش سوپاسكردنی جەماوەری حزبەكەی بەوەی دەنگیان پێداوە، راشكاوانە نووسیویەتی: ”بەداخەوە دەنگەكانتان بووە قوربانی لە لایەن سەرۆكی لیستی 129 لە هەولێر و تەعینكردنی چەند كەسێك بە ئەندامی پەرلەمان.“
پێشتریش وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر بە دەرنەچوونی حەمەی شەهید رێبازی برای كە بەربژێری یەكێتی بوو، ڕێباز شەهید رێباز كە كوڕی شەهیدێكی یەكێتییە لە هەولێر، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: "سەرشۆڕی بۆ هاوڕێ بێسیفەت و پوولپەرستەکانی شەهید ڕێباز. ئەو دەنگانە نە بە هێز و نە بە پارەی زەبەلاحی دەرمان و خەستەخانە دزینی بندیوارەکان بوون!"
هەر لەو نووسینەدا هەڕەشەی لابردنی پەیكەری باوكی لەبەردەم ”مەڵبەندی سێ و سەركردایەتییە سەقەتەكەی“ یەكێتی كردبوو.
هەندێك لە بەربژێرەكانی یەكێتی، ئاماژە بە دزرانی دەنگەكانیشیان دەكەن، لەم چوارچێوەیەدا ئاوێزان نادر، خانمە بەربژێری یەكێتی لە بازنەی هەولێر، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك)، وێڕای سوپاسكردنی ئەو كەسانەی كە دەنگیان پێ داوە كە ئەو بە هەزاران كەس ناوی بردوون، هاوكات داوای لێبووردن لێ كردوون و دەڵێت: "بەداخەوە لە ماڵە گەورەکەی خۆماندا، دەنگەکانتان دزرا و ونکران. لەو هەزارانە، تەنیا (٢٢٠)یان بۆ هێشتمەوە."
هەر ئەو خانمە بەربژێرە دەرنەچووەی یەكێتی لە وەڵامی كۆمێنتی كەسێكیشدا جەختی لەوە كردۆتەوە كە هیچ لایەنێك دەنگی ئەوی نەبردووە، بەڵكوو "لە ماڵەكەی خۆم دزیم لێكراوە، دەنگی من دراوە بە كەسێكی خەوتوو بۆ ئەوەی بیكەن بە پاڵەوان."
لە لایەن خۆشیەوە لاجان محەمەد عوسمان كە ئەویش خانمە بەربژێرێكی یەكێتییە لە هەولێر، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك)، سەركردایەتیی حزبەكەی لە هەولێر بەوە تۆمەتبار كردووە كە ”لەسەر حیساب و دژایەتیکردنى ئێمە، پاڵپشتیی ئەو بێ ئەسڵ و فەسڵانە دەکەن كە منداڵ و نەوە و پەروەردەى دەستى ئەو کەسانەن کەوا لە زیندانەکانی بەعسدا، باوکمیان لە کارەبا دەدا و گوێچکەکانییان دەبڕی و نینۆکیان دەردەهێنا.“
ئەو خانمە بەربژێرە دەرنەچووەی یەكێتی، وەك ئاماژەیەك بۆ شاڵاو كۆسرەت ڕەسووڵ، دەڵێت ”لە لایەن منداڵى هاوخەباتانى باوکم، بە دەنگی ئێمەمانان و بە پاڵپشتیی ماددی و مەعنەویی بەرپرسانی هەمان ئەو حزبەی کەوا باوکم تەواوى تەمەنى خۆى پێبەخشیوە، ئەو کەسانە دەرچوێندراون کە جنێودەر و منداڵى کۆنە بەعسین.“
لاجان محەمەد عوسمان بێهیوایی خۆی لەوە دەربڕیوە كە ئەو كەسانەی یەكێتی ناردوونی بۆ پەرلەمان، بتوانن یاسای گونجاو دابنێن و دەڵێت: ”چاوەڕوانی ئەوە نەبن خەڵکی نەخوێندەوار یاساتان بۆ دابنێن. ئەو پەرلەمانە پیرۆزی جنێوفرۆش و منداڵە جاش و بەعسییەکان و جاهیل و بێ ماریفەتەکان بێت.“ هاوكات بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دەست لەكاركێشانەوەی خۆی لە یەكێتی راگەیاندووە و نووسیویەتی: ”من لێرەوە وەکوو کەسێکی ئەکادیمی، کاری ئەکادیمی و پەروەردەیی خۆم دەکەم و ژیانی ئاسایی خۆم دوور لە ناپاکەکان دەست پێدەكەم کە یاری بە هەست و شعوور و دەنگەکانمانەوە دەکەن.“
هێشتا نازاندرێت یەكێتییەكەی بافڵ تاڵەبانی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرەی كادیر و بنەماڵە ناڕازییەی حزبەكەی دەكات، بەڵام تا ئەم چركەشی لەگەڵدا بێت، ناڕەزایەتییەكان بەردەوام لە زیادبووندان و پێشبینیی دەكرێت ئەمەش لە داهاتوودا زیاتر یەكێتی لە هەولێر لاواز بكات.


وەڵام بدەوه