سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە ماوەی 24 کاتژمێردا ئەنجامی بەرایی دەنگدان ڕادەگەیەنرێت. ئاماژە بەوەش دەدات پڕۆسەكە تا ئێستا بە باشی بەڕێوە چووە.
حاکم عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ دوای دەنگدانی لە بنكەیەكی تایبەت لە هەولێر، بۆ ڕۆژنامەنووسان رایگەیاند، تا ئێستا پرۆسەکە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت و دوای 24 کاتژمێر لە تەواوبوونی پڕۆسەكە لە كاتژمێر 6:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ، ئەنجامی بەرایی دەنگدان رادەگەیەنرێت.
لە كاتژمێر 7:00ی بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 20ی ئۆكتۆبەری 2024، بنكەكانی دەنگدان بە رووی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان كراونەتەوە.
بە گوێرەی تۆماری بایۆمەتری دەنگدان، كۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان بۆ دەنگدانی گشتی، دوو ملیۆن و 654 هەزار و 169 دەنگدەرن و 215 هەزار و 960 دەنگدەریش لە تایبەت مافی دەنگدانیان هەبووە.
پێشتر كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند: ژمارەی كاندیدەكان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، هەزار و 191 كاندیدن، لەو ژمارەیەش 823 كەسیان پیاون و 368 یان ئافرەتن.
وەڵام بدەوه