ئەمڕۆ حەوت ساڵ بەسەر داستانی پردێ تێدەپەڕێت، كاتێك پێشمەرگە تانكێكی جۆری ئەبرامزی تێكشكاند و توانیان بەر بەهێرشەكانی سوپای عێراق و پاسدارانی ئێران بگرن بۆ سەر هەرێمی كوردستان، بەوەش داستانێكی مێژوویی لە پردێ تۆمار كرا.
ڕۆژی 20ـی تشرینی یەكەمی 2017 دوای خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەر، حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران هەوڵیان دا هێرش بكەنە سەر هەولێر، سەرەتای هێرشەكانی سوپای عێراق بە خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەر دەستی پێ كرد.
ئێوارەی 20ـی تشرینی یەكەم، شەڕ گەیشتە لووتكە و سوپای عێراق و میلیشیاكان بەهەموو هێزیان هێرشیان دەهێنا، پێشمەرگەیش بەردەوام بوو لە ڕێگریكردن لە سوپای عێراق كە بەنیاز بوو لە قۆڵی قوشتەپە بەرەو هەولێر بێت، ئەوەبوو توانرا تانكێكی جۆری ئەبرامز ئێم وەن تێكبشكێنن، ئەوەش بوو بە دەستپێكی خاڵی پێچەوانە و ڕێگری لە هێرشی میلیشیاكان لە سنووری مەخموور و سحێلان كە بە دەیان كەس لەو میلیشیایانە كوژران.
ڕۆژی 20ـی تشرینی یەكەمی ساڵی 2017 لە پەیامێكی سەرۆك بارزانیدا هاتبوو، پاش ئەوەی گەلی كوردستان بەشێوەیەكی ئاشتییانە گوزارشتی لە بۆچوونی خۆی كرد لە دیاریكردنی چارەنووس، كە مافێكی ئاسایی و سروشتی هەر گەل و نەتەوەیەكە، ئێستە گەلەكەمان كەوتووەتەوە بەر هەڕەشە و ئابڵۆقە و سزادانی بە كۆمەڵ. حكوومەتی عێراقیش بە ناوی فەرزكردنی یاسا، خەریكی سزادانی میلەتێكە كە تەنیا ڕای خۆی دەربڕیوە و هیچ تاوانێكی نەكردووە. ئەو سزادانەی كە لە دژی گەلەكەمان هەیە، پێشێلكردنی هەموو سنوورەكان و یاسا و دەستووری عێراقە، هاوكات بە گەلەكۆمەكی دەیانەوێ ئیرادەی خۆیان بەزۆری چەك و شەڕ بەسەر گەلەكەماندا بسەپێنن و شكۆی گەلەكەمان بشكێنن. ئەوەش بووەتە هۆی تێكدانی ژیانی خەڵك و ئاوارەبوونی زیاتر لە 150 هەزار كەس.
سەرۆك بارزانی ڕوونی كردەوە، لێرەدا موخاتەبەی ویژدانی گەلانی دنیا و ڕای گشتی و ئازادیخواز و ڕۆشنبیرانی سەرانسەری دنیا دەكەم كە پشتیوانی گەلی حكوومەتی عێراق، لە ڕێی میلیشیا و هێزەكانیەوە بە هاوكاری و ڕێنوێنیی دەرەكی لە دژی كوردستان ئەنجامی دەدات كوردستان بن، ڕێ لە جینۆساید و كارەساتێكی تازە بگرن كە بەسەر گەلەكەماندا دێت، گوشار بخەنە سەر حكوومەتەكان و ناوەندەكانی بڕیار بۆ ئەوەی بێنە دەنگ لەسەر ئەو ستەمەی كە لە گەلی كوردستان دەكرێت. چونكە حكوومەتەكان لەبەر بەرژەوەندییەكانیان، قوربانیی خەڵكی كوردستان و پێشمەرگەیان لە بیر چووە كە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش بەخشیویانە و لەجیاتی هەموو دنیا، بەرسینگی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشیان گرتبوو و هەزاران شەهید و بریندارمان لەو پێناوە دا. بۆیە داوا دەكەم ڕێ لەم شەڕ فرۆشتن و كوشتار و پێشێلكاری و ئاوارەكردنی خەڵك بگرن كە حكوومەتی عێراق لە ڕێی میلیشیا و هێزەكانیەوە بە هاوكاری و ڕێنوێنیی دەرەكی لە دژی كوردستان ئەنجامی دەدات.
ڕۆژی 17ـی تشرینی یەكەم لە ڕاگەیەنراوێكی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستاندا هاتبوو، ئەمڕۆ سوپای عێراق و میلیشیا شیعییەكان كە ئێران پاڵپشتییان دەكات و بە چەكی ئەمەریكی پڕچەك كراون، هێرشێكیان بۆ سەر هێزەكانی پێشمەرگە لەسەر رێی كەركووك و هەردوو قۆڵەكەی ئاڵتوون كۆپری دەست پێ كرد كە بە پردێ ناسراوە، لە رۆژئاوای رێی دووبز-هەولێر و لە رۆژهەڵاتیش لە نزیك گوندی قەرەباغ. ئامانجی ئەو هێزانە چوونەناوەوەی قوشتەپە بووە لە باشووری هەولێر.
هێزەكانی پێشمەرگە ئازایانە پارێزگارییان لە كوردستان كرد لە بەرانبەر هێرشەكان، راپۆرتە سەرەتاییەكانمان ئەوە دەردەخەن كە 10 هەمڤی ئەمەریكی و دوو تانك و تانكێكی جۆری ئابرامز ئێم وەن، تێكشكێنران.
میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دەستدرێژییان كردووەتە سەر ماڵوحاڵی هاووڵاتییانی كورد و توركمان و كەلوپەلەكانیان بردوون، لە هەریەكە لە شارەكانی كەركووك، خورماتوو و خانەقین كە ترس و دڵەڕاوكێیان لەناو هاووڵاتییان بڵاو كردووەتەوە.
ئەنجوومەنی ئاسایش ڕوونی كردبووە، زانیارییەكانمان ئەوە پشتڕاست دەكەنەوە كە ئەم میلیشیایانەی خوارەوە كە ئێران پاڵپشتییان دەكات، لە دژی پێشمەرگە جەنگاون لە شەڕی 16 تشرینی یەكەم، بریتین لە عەسائیبی ئەهلی حەق، میلیشاكانی بەدر، كەتائیب حزبوڵا، یەكەكانی عەباس، فەوجی عەلی ئەكبەر، یەكەكانی خوراسان و بەتالیۆنەكانی ئیمام عەلی.
باس لەوەش كرابوو، هێرشە بەردەوامەكانی عێراق وایكردووە مەترسییەكانی رژدتر دەربكەون لەسەر داهاتووی گەلەكەمان لە عێراق، پێویستە ئێستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستی خۆی پێشان بدات و ئەو هێرشە دوژمناكارانەیە شەرمەزار بكات.
لە كۆتایی ڕاگەیەنراوەكەدا هاتبوو، هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوام دەبن لە پاراستنی خەڵكی كوردستان و بەرژەوەندییەكانیان، داواش لە دەسەڵاتدارانی عێراق دەكەین بەزووترین كات خواستە دوژمنكارانەكانیان لە دژی گەلی كوردستان رابگرن و لە ناوچە داگیركراوەكانیش بكشێنەوە.
وەڵام بدەوه