مزووری: هەموو شت بە حساب و كتابە "ئەم هەڵبژاردنە بە هەموو پێوەرێك یەكێتی 10 كورسی زیاتر نابات"
چاودێرێكی سیاسی بە لۆجیكی ژمارە شی دەكاتەوە، بە هەموو پێوەرەكان نابێت یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە 10 بۆ 11 كورسی زیاتر بهێنێت
ئەمڕۆ هەینی 11ی ئۆكتۆبەری 2024، هەكار مزووری چاودێری سیاسیی راگەیاند، كورد قسەیەكی جوانی هەیە دەڵێت: پێچك چوارە و بە ژمارە، هەموو شت بە لۆجیك و ژمارە تەواوە و پێویست بە هاشوهوش و عاتیفە ناكا، بە هەموو پێوەرێك بێت یەكێتی نیشتمانی كوردستان حاڵی لەوپەڕی خراپیدایە بەراورد بە پێشتر و پێشتر كە 21 كورسی هەبووە دەبێت لانی كەم 10 لەو كورسییانەی لە دەست بدات.
هەكار روونی كردەوە بەڵگەی بۆ قسەكانی لۆجیكی ژمارەن، ئاماژەی بەوە دا كە بۆ ئەم هەڵبژاردنە لاهوور جەنگی لە حزبەكە جیابووەتەوە، كە بە قسەی خۆیان و ددانپێنانی خۆیان لە تۆمارە دەنگییەكە "بافڵ و قوباد" زۆربەی دەنگە دێرینەكانی ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بنەماڵەی شەهید بۆ بەرەی گەل دەچێت، لە لایەكی ترەوە هەر رۆژەو سەركردەیەكی دێرینی حزبەكە لە یەكێتییە نوێیەكە جیا دەبێتەوە و لەلایەن جووتبرای خۆسەپێنەوە ئیهمال دەكرێن، بە نموونەی مەلا بەختیار و بەرهەم ساڵح، كە ئەمانە خاوەن پێگەی جەماوەرین لەناو حزبەكە.
ئەم چاودێرە سیاسییە هۆكاری دووەمی كەمبوونەوەی دەنگەكان لەپاڵ جیابوونەوەی كۆمەڵێك سەركردەی دیاری جەماوەری لە حزبەكە گەڕاندەوە ئالنگاریی و تەحەدایەكانی بەردەم ئەو حزبە لە شارەكە، كە چەند رەوت و لیستێك هەن لەو شارەدا قورسایی دەنگەكانیان یەكلا دەبێتەوە، بە نموونەی نەوەی نوێ و بەرەی گەل و هەڵوێست و گۆڕان.
هۆكارە ناڕاستەوخۆ كاریگەرەكانی تریش كە هۆكارن لە كەمبوونەوەی بەرچاوی دەنگەكانی ئەم حزبە دەبێت بە قسەی هەكار مزووری بریتییە لەوەی كە كەسانی تێگەیشتوو و چاوكراوەی سنووری سلێمانی لە وتارەكانی بافڵ تاڵەبانییەوە تێگەیشتوون كە حزبەكە هیچ شتێكی نەكردووە لە رابردوودا تا شانازی پێوەبكات و لە وتارەكانیدا باسی بكات، بۆیە لەبری باسكردنی پڕۆژەكانی رابردوو و شانازی پێوەكردنیان و ئاماژە و پلانیان بۆ داهاتوو لە خزمەتی شار و ناوچەكە، سەرۆكی حزبەكەی ناچار كردووە لە وتارەكانیدا لە هاشوهوش و قسەی ناشیرن و بازاڕی زیاتر هیچی تر نەتوانێت بكات و هەموو قسەكانی دووبارەن بەڵام بە داڕشتنی جیا.
مزووری باسی لەوەیش كرد، خەڵك بەڕاستی بێزار بووە، بڵاوبوونەوەی بەڵگەكانی بازرگانی مادەی هۆشبەر لەلایەن ئەم حزبەوە ترسێكی بۆ دروست كردوون لە ئایندەی نەوەكانیان و نایانەوێت شیرازە جوانەكەی كۆمەڵگەی كوردی و خێزان و تاكی كوردی و سلێمانیانەیان لێ تێك بچێت و هەڵوەشێتەوە و خەڵك بكەوێتە ژێر باری بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر.
بڵاوبوونەوەی ترس و تۆقاندن و كوشتن لەلایەن هێزەكانی كۆماندۆ و دژەتیرۆری ئەم حزبەیش و هۆكاری تری تەناهی هۆكارگەلێكی ترن كە كار لە دەنگەكانی ئەم حزبە بكەن لەم هەڵبژاردنە بە قسەی ئەم چاودێرە سیاسییە.
مزووری لە كۆتایی قسەكانیدا گوتی هۆكاری تر زۆرن بەڵام من دیارترین پێنج هۆكارم باس كردن و ئەمانە دیارترین هۆكارەكانن كە ئەگەر بە لۆجیكی ژمارە حسابیان بۆ بكەین و شیكردنەوەی بۆ بكەین بە نموونە جیابوونەوە و نەمانی دەنگی سەركردە دیارەكانی وەك لاهوور، مەلا بەختیار و بەرهەم ساڵح و زوویر بوونی چەندان بەرپرسی تری دێرینی حزبەكە لانی كەم بە كەمبوونەوەی پێنج بۆ شەش كورسی حساب بكەین و چوار هۆكارەكەی تر لانی كەم هەر یەكەیان بە كورسییەك حساب بكەین ئەوا دەردەكەوێ دەبێ 10 كورسی لە دەنگەكانی یەكێتی كەمتر بێتەوە بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو و پێشووتریش 21 كورسی هێنابوو، كەوایە ئەمجارە لۆجیك پێمان دەڵێ یەكێتی نابێت لە سنووری 10 تا 11 كورسی زیاتر تەجاوز بكات و هەر حەق بەوەندە كورسیەیە.
ئەم چاودێرە سیاسییە لە كۆتایی قسەكانیدا ئەوەیشی گوت، كە قسەكانم بڵاو دەكەنەوە پێشنیارتان بۆ دەكەم لە تایتلی ئەو گرافیكەی بڵاوی دەكەنەوە بۆ خوێنەرانی ئیرهابی فیكری و كۆمێنتنووسە مووچەخۆرەكانی یەكێتی بنووسن: جنێو مەدەن لەبری ئەوە هەموو شت بە لۆجیك و ژمارەیە و عاتیفە نایخوا، پێچك چوارە و بە ژمارە... ئەوە راو شیكردنەوەی منە، ئەگەر تۆیش حساب و كتابێكی تر لەوەی من باشتر دەزانیت فەرموو بیكە و ئاماژەیشی كرد، لەو ژمارە كورسییە زیاتر یەكێتی دەستی بخات هەڵبژاردنەكە شەفاق و بێگەرد نییە، چونكە یەكێتی وێڕای ئەوەی لەنێوان ئەم دوو هەڵبژاردنە دووچاری چەندان جیابوونەوە و زویربوونی سەركردە و ئەندام و كادیرانی بووە، هیچ خزمەتێكی پێشكەش نەكردووە تا باڵانسی ئەمانە بگەڕێنێتەوە.


وەڵام بدەوه