بەڕێوەبەری ئەندازەی پارک و باخچەکانی هەولێر ئاشكرای دەكات، لە سەر ڕاسپاردەتی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، 21 ملیار و 740 ملیۆن دینار بۆ دروستكردنی سێ پاركی بەرفراوان، تەرخان كراوە.
ڕێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارک و باخچەکانی هەولێر، ڕاگەیاند: "ئەمساڵ بە ڕاسپاردەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، 21 ملیار و 740 ملیۆن دینار بۆ دروستكردنی سێ پاركی فراوان لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانی هەولێر، تەرخان كراوە."
ئاماژەی بەوەش دا، لەو سێ پاركەدا یەكێكیان تەواو بووە و دوو پاركەكەی دیكەش كاریان تیادا دەكرێت. گوتیشی: "پاركێكیان تەواو بووە و هەموو قۆناغەكانی جێبەجێ كراون و خەڵك و هاووڵاتییان سوودی لێوەردەگرن، ئەویش پاركی 150 مەترییە، كە دەكەوێتە یەكتربڕی شەقامی سەرەكیی هەولێر– پیرمام و شەقامی 150ی خێرا، كە بڕی سێ ملیار و 700 ملیۆن دیناری بۆ تەخان كراوە."
ڕێبین ئەحمەد ئاشكراشی كرد: "بەردی بناغەی پاركی ڕەشكین دانرا، کە تێچووی پاركەكە 15 ملیار دینارە و ئێستا قۆناغی یەكەمی ئەو پاركەیە دەستی پێكردووە و پاركی سێیەمیش، كە هەر لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆكی حكوومەتە، ئەو پاركەش دەكەوێتە یەكتربڕی شەقامی هەولێر– مووسڵ و شەقامی خێرای 120 مەتری، كە بڕی سێ ملیار و 40 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان كراوە و بەردی بناغەشی بۆ دانراوە و لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا دەست بە جێبەجێكردنی دەكرێـت."
روونیشی كردەوە، ئەو سێ پاركانە جگە لەوەی سوودیان دهبێت بۆ زیادبوونی ڕێژەی سەوزایی، هاوكات جوانییەكی زۆریش بە شەقامە سەرەكی و دەروازەكانی شاری هەولێر دەدەن و بۆ خزمەتی خەڵكی هەولێرە.
بەڕێوەبەری ئەندازەی پارک و باخچەکانی هەولێر جەختی كردەوە: "لە كابینەی نۆیەمدا سەرەڕای ئەو قەیرانانەی كە هەندێكی سروشتی بوون و ههندێكیش دەستكرد ، بەتایبەتی بڕینی بودجە و مووچە لەلایەن حكوومەتی فیدڕاڵیی عێراقەوە كە كاریگەریی زۆری لەسەر هەموو سێكتەرەكانی خزمەتگوزاری لە هەرێمی كوردستان دروست كرد، بەتایبەتی لەسەر زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی كاریگەریی هەبوو، بەڵام لە كابینەی نۆیەم بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی، كە دروشم و كارنامەكەی بە هەموو شێوەیەك جەختی لە خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانیی خەڵك كردووەتەوە، بەردەوام پێداگریی لەسەر چاككردن و پاراستنی ژینگە كراوە."
زیاتر گوتیشی: "سەرۆكی حكوومەت و لایەنی پەیوەندیدار كار و هەوڵیان بۆ ئەوە بووە، كە ئەو سەوزاییەی هەیە بیپارێزین و ڕێژەی سەوزاییش زیاد بكەین."
ڕێبین ئەحمەد ئاشكراشی كرد: "ڕێژەی سەوزایی لە هەولێر پێشتر 17.5% بوو، بەڵام لە كابینەی نۆیەمدا بووەتە 20%، ئەو زیادبوونەش دەگەڕێتەوە بۆ دروستكردنی چەندین باخچە و پارك و نۆژەنكردنەوەی ژمارەیەك باخ لەناو شار و گەڕەكەكانی شاری هەولێر، لە وەرزی دارچاندنیشدا، چەندین هەڵمەتی چاندنی دار و درەخت و نەمام ئەنجام دراون، بەتایبەتی لە ڕێگا سەرەكییەکان و ئەو گەڕەكانەی تازە دروست كراون."
وەڵام بدەوه