دابەشكردنی نەوت لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان خێرا كراوە، نرخەكەشی لە بازاڕەكان هەرزانتر بووە و بەمنزیكانە لە تەواوی شارەكان دابەش دەكرێت.
ئەمڕۆ دووشەم حەوتی ئۆكتۆبەر، مەحموود كازم ئەندامی كۆمەڵەی نەوتفرۆشانی هەولێر، راگەیاند، نرخی نەوت لە بازاڕەكان ماوەی دوو ساڵە گران نابێت، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی نەوت دابەش دەكرێت.
زیاتر گوتی، ساڵی رابردوو نەوت بەسەر سەرجەم ماڵەكان دابەش كرا، ئەمساڵیش دابەشكردنی دەستی پێ كردووە، بۆیە نرخی بەرمیلێك نەوت ئێستە لە بازاڕی رەش بە 145 هەزار دینارە.
هاوكات سەرچاوەیەك لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، راگەیاند، دابەشكردنی نەوت خێرا كراوە و ئێستە بەشێكی زۆری ناوچە شاخاوییەكان نەوتیان وەرگرتووە.
باسی لەوەش كرد، ئەمڕۆ دابەشكردنی نەوت لە سەنتەری شارەكان دەستی پێ كردووە و بەمنزیكانە تەواوی هاوووڵاتییان نەوتی خۆیان وەردەگرن.
تا ئێستا زیاتر لە 25 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر نزیكەی 126 هەزار خێزان دابەش كراوە، زۆرترینیشی لە ناوچە شاخاوییەكان بووە.
ئەوە لە كاتێكدایە مانگی رابردوو بە فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەو وەزارەتە دەستی كرد بە دابەشكردنی نەوتی سپی و بڕیاریشە لە ماوەیەكی زۆر كورتدا، نەوت بەسەر تەواوی هاووڵاتییان دابەش بكرێت.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەو نەوتە بە گران دەكڕێتەوە و بە نرخێكی هەرزان دابەشی سەر هاووڵاتییانی دەكات، بۆ ئەوەی لە وەرزی سەرما كێشەیان بۆ دروست نەبێت.


وەڵام بدەوه