ئەمڕۆ یەکشەممە 6ی 10ی 2024، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە دهۆک، لەگەڵ ئافرەتان و قوتابیان و لاوان كۆ بووهوه.
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ ژمارەیەک له ئافرهتان و قوتابیان و لاوان لە دهۆک کۆ بووەوە و وتارێكی گرنگی پێشكەش كرد و ڕایگهیاند، پێویستە هەموومان ئەوە باش بزانین، هەر پارت و ڕێكخراو و ڕێكخستنێكی سیاسی، رابردووی ئەو چییە و لەسەر چی دروست كراوە، باوەڕیی ئێمە بە ڕێكخراوی سیاسی لەسەر ئەوە دێت كە رابردووی ئەوان چەندە پاك بووە؟.
ڕاشیگهیاند، لەو رۆژەوەی كە پارتی دامەزراوە، مەترسی لەسەر نیشتمان و نەتەوەی ئێمە هەبووە. پارتی لەژێر سەركردایەتیی بارزانیی نەمر دامەزرا بۆ ئەوەی بەرگریی لە پێناسەی نیشتمانی و نەتەوەیی كوردستان بكات و تا ئەمڕۆش ئەو پارتییە بەردەوامە.
گوتیشی، پارتی بۆ مونافەسەی هیچ لایەنێكی سیاسی دروست نەبووە، بەڵكوو دروست بووە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ستەم و داگیركەران ببێتەوە. بەڵام لەو ڕۆژەوە تاوەكوو ئەمڕۆ هەوڵی ناحەزان ئەوە بووە كە پارتی نەگات بە ئامانجی خۆی، هەوڵی ناحەزان ئەوە بووە كە ڕێگری لە پارتی بكەن و دووبەرەكی لەنێو خەڵكی كوردستان دروست بكەن و ڕیزی خەڵكی شۆڕشگێڕ و ڕیزەكانی پارتی دابەش بكرێ، لەو رۆژەوە تا ئەمڕۆ ئەو هەوڵانە بەردەوامە.
جێگری سهرۆكی پارتی، ئهوهشی وت، پارتی لە رۆژی دامەزراندنیەوە تا ئەمڕۆ، هەر بە سەربڵندی ماوەتەوە، هەر بە یەكڕیزی ماوەتەوە و ئینشائەڵا ڕۆژ بە ڕۆژیش هەر بەهێزتر دەبێت. زۆر هەوڵیان دا كە ڕیزەكانی پارتی جیا بكەنەوە، بۆ بەرژەوەندیی كەسی یان بەرژەوەندیی لایەنێكی دەرەكی،بۆ ئەوەی بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردستان نەگات بە ئامانجەكانی خۆی، ئەمڕۆش ئەو هەوڵانە بەردەوامن بەڵام بە ڕێگەیەكی دیكە.
له چوارچێوهی وتارهكهیدا، مهسرور بارزانی، باسی لهوهش كرد، ئێمە ڕێزمان هەیە بۆ هەموو حزبێكی سیاسی، بۆ هەموو بیر و بۆچوونێكی جیاواز، هەر یەكەی وەكوو خۆی كاری سیاسی بەردەوام دەكات. پارتی هیچ جارێك كاری دژایەتیی هیچ لایەنێكی سیاسی نەبووە. ئێمە ئامانجێكمان هەبووە كە خاك و میللەتی ئێمە ڕزگار ببێ و ئێمەش وەك هەموو نەتەوە و میللەتانی دونیا بگەین بە هەموو مافەكانی خۆمان، ئینشائەلا لەسەر دەستی پارتی ڕۆژێك لە ڕۆژان ئەو مافە دێتە دەست.
ئاماژهی بۆ ئهوهش كرد، ئەو لایەنانەی دژایەتیی پارتییان كرد، لە ڕۆژانی سەرەتاوە تا ئەمڕۆ، هیچ ڕێگەیەك نەما تاقی نەكەنەوە تاوەكوو ڕێ لە پارتی بگرن و پارتی بشكێنن. پێویستە هەموان بزانن، پیلانی شكاندنی پارتی تووشی شكست بووە. فێر ببن، لە مێژوو فێر ببن. لە مێژوو فێر ببن، ڕۆژ بە ڕۆژ پارتی بەهێزتر دەبێت، چونكە خوا و خەڵكی كوردستان لەگەڵ پارتی دان.
ئهوهشی خسته ڕوو، كاتێك پارتی داوای ئاشتی دەكات، كە لەم كاتەدا پارتی لە هەموو كاتێكدا و لە هەموو هێزێكی كوردستان بەهێزترە، ناحەزانی پارتی هیچ جارێك وەك ئێستا دەست كورت و بێهێز نەبوون، بەڵام ئێمە دیسان دەستی ئاشتی بۆ هەموو لایەك درێژ دەكەین. ئێمە دەمانەوێ ئاشتەواییەكی گشتی لە سەرانسەری كوردستان هەبێت. مەبەستی پارتی ئەوەیە كە خەڵكی كوردستان لە هەموو شوێنێكی كوردستاندا سەرفراز و سەربڵند بن. چ لەگەڵ پارتی بن و چ لە بن سێبەری پارتی لەم وڵاتەدا بژین، ئێمە دەمانەوێ هەموو هاووڵاتییەكی كوردستان سەربەرز و سەربڵند بن.
جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان جەختی لەوەش كردەوە، ئێمە شانازی دەكەین، لە كاتێكدا خەڵكێك شانازیی بەوە دەكەن كە دەستكەوتەكانی ئەوان ئەوەن كە دەڵێن (ئێمە ڕێگریمان كرد لە دەسەڵاتەكانی كوردستان، ئێمە ڕێگریمان لە هەناردەكردنی نەوتی كوردستان كرد، ئێمە داهاتی خەڵكی كوردستانمان رادەستی ڕژێمی فیدڕاڵی كردەوە، ئێمە شانازی دەكەین كە كۆتا و مافی دەستووریی كریستیان و توركمانمان نەهێڵا)، ئەوانە ئەو لایەنانەن كە شانازی بە تێكدان و خراپكردنەوە دەكەن، بەڵام پارتی شانازی دەكات كە ئێمە هەموو كاتێك لەگەڵ مافی هەموو نەتەوە و ئایینێك راوەستاوین. پارتی حزبی هەموو لایەنێكە، حزبی هەموو ئایین و نەتەوەیەكە، بەبێ فەرق و جیاوازی، لە زاخۆ هەتا خانەقین، پارتی حزبی هەموو كوردستانییەكە.
هاوكات جێگری سهرۆكی پارتی، گوتیشی، ئێمە شانازی دەكەین كە ئەمڕۆ پارێزگاریمان لە مافەكانی خوشك و برایانمان لە كریستیان و توركمان كردووە، بەردەوامیش دەبین، هەتا پارتی هەیە، مافی هەموو نەتەوەیەك، هەموو ئایینێك، بە ئاشتیدا پێكەوە لەژێر سێبەری پارتیدا لەم وڵاتە دەژین.
مەسرور بارزانی ههروهها دهشڵێت، لەم ماوەیەی ڕۆشت زۆر هەوڵمان دا ژێرخانێكی بەهێز بۆ وڵاتی خۆمان دروست بكەین، كوردستانێكی بەهێز دروست بكەین، ڕێزی پێشمەرگە بگرین، ڕێز و پێزانینی خۆمان نیشانی ماڵی شەهیدان بدەین. ئێمە پێكەوە هەوڵی ئەوە بدەین كە كوردستان رۆژ بە ڕۆژ بەرەو هەنگاوی سەركەوتووتر و پێشكەوتووتر بچێت. ئەو بەرنامەی خزمەتگوزاری كە لە حكوومەتدا كراوە، زۆر ڕێگری هەبوون. ئێمە هاوپەیمانمان لە حكوومەت هەبوو كە هەوڵی دا لە شاخدا خۆی هەڵداتە خوارەوە، تا خاوەنی ئەوان زەرەر بكات.
گوتیشی، پەیامی من بۆ هەموو خەڵكی كوردستان، بە تایبەتی بۆ خەڵكی سلێمانی، راپەڕین، هەڵەبجە و گەرمیان، لە كەس مەترسن، كەس خاوەنی ئێوە نییە، ئێوە میللەتێكی ئازادن، ئێوە خاوەنی شۆڕشی ئەیلوولن، ئێوە خاوەنی بڕیاری خۆتانن، هیچ دەسەڵاتێكی فاسید و گەندەڵ ناتوانن ڕێگەتان لێر بگرێت كە ببن بە خاوەنی بڕیاری خۆتان.
جێگری سەرۆكی پارتی ڕاشیگهیاند، ئێمە بینیمان زۆر قسە كرا و بە ناحەقی پەلاماری پارتی درا، بەڵام ڕێنمایی جەنابی سەرۆك ئەوەیە كە دەبێ پارتی بە ئاستی پارتی قسە بكات، ئاستی پارتی ئەوە نییە ئێمە خۆمان سووك بكەین و نزم بكەین و بیهێنینە ئاستی خەڵكی دیكە. بۆیە داوام لە ئێوە ئەوەیە كە ڕێنمایی هەڵبژاردن جێبەجێ بكەن، پەلاماری كەس مەدەن، كاتی تۆڵەكردنەوە دێت، ڕۆژی 20ی 10 ئەو ڕۆژەیە كە ئێوە تۆڵەی خۆتان لە هەموویان بكەنەوە. ئێمە وەڵامی ئاخافتنی سووك و هیچ بێڕێزییەكیش نادەین، وەڵامنەدانەوەی ئێمە خۆی لە خۆیدا وەڵامە بۆ ئەو لایەنانە. دەڵێن وەڵامدانەوەی نەزانان، بێدەنگییە، بەڵام با هەموو لایەك بزانن، كاتێك ئێمە وەڵامی خەڵك نادەینەوە، ئێمە هەست بە بەرپرسیارێتییەكی مێژوویی دەكەین كە وەڵامی ئەوان نادەینەوە، بەڵام هەر كاتێك زێدەڕەوی بكەن و داخوازیی كۆتاییهێنان بە پارتی بكەن، پێیان دەڵێین ناتوانن.
جێگری سهرۆكی پارتی له وتارهكهیدا ئهوهشی وت، كاتی ئەوە هاتووە كە ئێمە بە تەواوی هەموو شار و شارۆچكە و گوندەكانی كوردستان بچین، چیتر نەهێڵین دەستی گەندەڵ و خۆسەپێن و نایاسایی لە هیچ جێیەكی كوردستان بەردەوام بێت. ئەو كەس و لایەنانەی لەو باوەڕەدان بە ترساندن، بە تۆقاندن، بە كوشتن، بە سەرانەسەندن، بە هێنانی ماددەی هۆشبەر، بە خۆتەسلیمكردن، بە خاك فرۆشتن، دەتوانن بەردەوام بن، ئێمە بە ناوی هەموو خەڵكی كوردستان پێیان دەڵێین، ئێوە ناتوانن و بۆتان ناكرێ بەردەوام بن.
ڕاشیگهیاند، پاش چەند ڕۆژێكی دیكە ١٦ی ئۆكتۆبەرە، ئێوە هەموو دەزانن كە مەزنترین خیانەتی سەردەم لە كوردستاندا لە ١٦ی ئۆكتۆبەر ڕووی دا. ئەوكات خەڵكێك بە شانازییەوە باسیان لەوە دەكرد كە چۆن بەرنامەك بوون، بەشێك بوون لە پلانی جێبەجێكردنی ١٦ی ئۆكتۆبەر، ئەمڕۆ لە شەرماندا دێن بە جۆرێكی دیكە چیرۆكەكە دەگێڕنەوە، بەڵام قارەمانانی پارتی و قارەمانانی كوردستان چۆن رۆژی ٢٠ی ئۆكتۆبەر لە پردێ لووتی ناحەزانیان شكاند، ئەمجارەش لە ٢٠ی ئۆكتۆبەر لووتی هەموو ناحەزانی پارتی دەشكێنین.


وەڵام بدەوه