ئەمڕۆ چوارشەممە 2/10/2024، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ لاوان و قوتابییان و ئافرەتان، وتارێكی پێشكەش كرد و ڕایگەیاند: "ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازە و چەندین لایەنیش هەن كە ئەوانیش بۆ خۆیان بانگەشە دەكەن، هەر یەكەی بە ئسلووبێك و لە ئاستێكی جیاواز قسە دەكات، بەڵام ئێمە وەك پارتی دەمانەوێ پەیامی خۆمان بە شێوەیەكی شارستانییانە بگەیەنین و دەمانەوێ بانگەشەی هەڵبژاردن ئارام بێت. ئەنجامی هەڵبژاردن دەریدەخات خەڵكی كوردستان لەگەڵ چ ئاراستەیەكە؟ لەگەڵ چ حزبێكە لەگەڵ چ بڕیارێكە؟"
گوتیشی: "من دەمەوێ ئەوەتان پێ بڵێم پارتی هەمیشە و لە هەموو هەڵبژاردنێكدا لە كوردستان، هەموو هەڵبژاردنێكی بردۆتەوە و هەموو هەڵبژاردنێكیش پارتی سەركەوتووە، هۆكار چییە؟ هۆكار ئەوەیە كە پارتی ئەم ئەزموونەی دروست كردووە و پارتیش ئەم ئەزموونە دەپارێزێت، پارتی خاوەنی ئەم ئەزموونەیە، پارتی خاوەنی سەدان شەهیدە، پارتی خاوەنی خەباتێكی بێوچانە، پارتی ئەو حزبەیە كە لە لایەن بارزانیی نەمرەوە دامەزراوە و ئێستاش جەنابی سەرۆك بارزانی رابەرایەتی دەكات."
جێگری سەرۆكی پارتی ئاماژەی بەوەش دا: "پارتی ڕۆژێك لە ڕۆژان دانی بەوەدا نەناوە كە بستێك لە خاكی كوردستان داگیر بكرێت، پارتی هەمیشە داكۆكیكارێكی سەرسەخت بووە بۆ پاراستنی خاكی كوردستان و كەرامەتی خەڵكی كوردستان."


وەڵام بدەوه