بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراق رایان گەیاندووە، ئەمڕۆ تەواوكاری مووچە دەنێرن، هۆكاری دواخستنەكەش ئامادەنەبوونی وەزیری داراییە لە دەوام.
ئەمڕۆ سێشەم یەكی تشرینی یەكەم، بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراق رایان گەیاند، ئەمڕۆ تەواوكاری مووچە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرین.
لەبارەی هۆكاری دواكەوتنی رایان گەیاندووە، وەزیری دارایی عێراق لە دەوام نەبوو، بەڕێوەبەرایەتیی بەشی بودجەش دەسەڵاتی پێ نەدرابوو لە شوێنی وەزیری دارایی واژوو بكات.
هاوكات خەلیل دۆسكی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، دوێنێ دووشەم سەردانی وەزارەتی داراییم كرد، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی بودجەی وەزارەتی دارایی عێراق كۆ بوومەوە، لەسەر تەمویلی ئەو بڕە پارەی كە كورتهێنانی مووچەی مانگی هەشتی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە، بەهۆی تەواونەبوونی ڕێكارەكان ناردنی پارەكە دەكەوێتە سبەی سێشەم.
بەگوتەی خەلیل دۆسكی، هیچ گرفتێك لە ناردنی پارەكە نییە، بەهۆی تەواونەبوونی ڕێكارەكان ناردنی پارەكە دواكەوتووە.
ڕێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئابووری لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، چاوەڕێین ئەمڕۆ حکومەتی عێراق تەواوکاریی مووچەی مانگی هەشت بنێرێت.


وەڵام بدەوه