وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، داوا دەكات بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەكان و بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی قەزاكان، فەرمانی دەستبەكاربوون بۆ مامۆستایانی گرێبەست دەربكەن.
وەزارەتی پەروەردە لە نووسراوەكەیدا كە ئاراستەی سەرجەم پەروەردەكان كراوە، داوا دەكات فەرمانی كارگێڕیی لە پەروەردەی پارێزگا و قەزاكان بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست دەربچێت.
لە نووسراوەكەدا ئەوەش هاتووە، وێڕای ئەنجامدانی رێكارە كارگێڕییەكان، پێویستە مامۆستای دامەزراو بەڵێننامە پڕ بكاتەوە، لە هیچ داودەزگایەكی حكوومی مووچە وەرناگرێت، نووسراوی بۆ بكرێت بۆ بایۆمەتری و پەلە بكرێت لە پرۆسەی بەگرێبەستكردنیان لە پەروەردەكان، یەكی ئەیلوولی 2024 وەك رۆژی دەستبەكاربوونیان دیاری بكرێت.
لە كۆتایی مانگی رابردوودا مەسروور بارزانی بڕیاری دا بە دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بەشێوەی گرێبەست، بەگوێرەی ناوەڕۆكی بڕیارەكە، مووچەكانیان لە داهاتی ناوخۆ دابین دەكرێت.


وەڵام بدەوه