Kurdistan Press - سەعدی پیرە لە پێن خولەکدا پێنچ درۆی کرد سەعدی پیرە لە پێن خولەکدا پێنچ درۆی کرد | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

سەعدی پیرە لە پێن خولەکدا پێنچ درۆی کرد

ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر وەڵامی هەندێك قسەی سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەكێتی دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت، یەکێک لەو کەسانەی مام جەلال بەسوعبەتەوە باسی کردووە و ناوی ھێناوە سەعدی پیرە بووە و گوتوویەتی "سەعدی پیرە درۆزانە." جەختیش لەوە دەكاتەوە، كە پیرە لە ماوەی پێنج خولەكدا پێنج درۆی كردووە.

ئەمڕۆ یەكشەممە 22ی 9ی 2024، ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر - بەشی توێژینەوەی چاودێر لە وەڵامی سەعدی پیرەدا ڕەحمەت بۆ جەلال تاڵەبانی دەنێرێت و دەڵێت: "ھەزار ڕەحمەت لە گۆڕت مام جەلال، زۆر جار بە سوعبەتەوە بۆچوونەکانی گوتووە، بەڵام بە مەبەست سوعبەتەکانی کردووە." دەشڵێن: "یەکێک لەو کەسانەی مام جەلال بە سوعبەتەوە باسی کردووە و ناوی ھێناوە سەعدی پیرە بووە، لە سوعبەتێکدا کە ھەمیشە دووپاتی کردۆتەوە گوتویەتی: سەعدی پیرە درۆزانە ھەروەھا گوتویەتی؛ ئەگەر ویستان درۆ بۆ کەسێک یان لایەنێک ھەڵبەستن، سەعدی پیرە ڕاسپێرن و خەمتان نەبێ.. کەناڵەكەتان بۆ کۆدەکاتەوە و چۆنتان بوێ درۆ ڕیز دەکات."

لەسەر وەڵامدانەوەی هەندێك لە قسەكانی سەعدی پیرە، ناوەندیی چاودێر ڕایدگەیەنێت، كە دوێنێ شەو سەعدی پیرە لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەنالێك "لە (5) دەقیقەدا (5) درۆی فەرمووە."

وەك ناوەندیی چاودێر بڵاوی كردووەتەوە، ئەو پێنج درۆیەی سەعدی پیرە بریتین لە: "1- چاودێر و گەلاوێژ موڵکی یەکێتییە. 2- خەرجیی چاودێر، یەکێتی دابینی کردووە. 3- مەلا بەختیار خۆی گوتویەتی من یەکێتی نیم. 4- یەکێتی ھەقی خۆیەتی موڵکەکەی وەربگرێتەوە. 5- گوایە ئادابی برادەرێتی باش دەزانێ."

دواتر چاودێر دێتە سەر وەڵامدانەوەی سەعدی پیرە و ڕایدەگەیەنێت: "سەبارەت بەخاڵی یەکەم، گوایە چاودێر موڵکی یەکێتییە، لەسەر ئەم خاڵە تەنھا ئەوەندە دەڵێین، کە با وەزارەتی دارایی، یان شارەوانی یاخود وەزارەتی ڕۆشنبیری (وەزارەت دەڵێین) بەڵگەنامەیەک بڵاو بکەنەوە، کە بارەگای دەزگای ناوەندیی چاودێر کراوەتە موڵکی یەکێتی. بینایەکە لەدوای ڕاپەڕین بارەگای پارتی گەل چووەتە ناوی، یەکێتی لە ڕێگەی شەھید (بابە تایەر)ەوە دەستی بەسەردا گرتووە، مەگەر لە سلێمانی کارەکە لەژێرەوە ڕێک خرابێ، ئەگینا زیاتر لە (11) ساڵە چاودێر و گەلاوێژ لەو بارەگایەن، نەیانزانیوە موڵکی یەکێتییە."

لە وەڵامی خاڵی دووەمیشدا، چاودێر ڕایگەیاندووە: "خەرجیی چاودێر گوایە تێکڕا یەکێتی دابینی کردووە، بێگومان ھەتا مام جەلال نەخۆش نەکەوتبوو، مەسرەفی گەلاوێژ و ڤیستیڤاڵ وەکوو پاڵپشتی بە ئەمری مام جەلال جێبەجێ دەکرا، بەڵام دوای نەخۆش کەوتنەکەی. 1- مەسرەفی فێستیڤاڵ بە گشتی ڕاگیرا تەنھا ھاوکارییەکی کەمی مانەوەی میوانان لە ھۆتێل لە دوو ڤیستیڤاڵ کراوە. 2- خەرجیی ڕۆژنامەی چاودێرو گۆڤاری گەلاوێژیان ڕاگرت. 3- تەمویلی ھیچ جۆرە چالاکییەکی ناوەندیی ڕۆشنگەریی چاودێر نەکراوە. وەکوو تر سەعدی پیرە وادیارە بیرەوەری لە ژێر کاریگەری درۆ ھەڵبەستندا لاواز بووە ئەگینا پێرار سەرۆکی یەکێتی لە دانیشتن لەگەڵ (عەبدولـلەتیف سەلەفی)دا لەسەر تەلەڤزیۆن گوتی: مووچە و بودجەی چاودێرم بڕیوە. مەلا بەختیار ڕوونکردنەوەشی لەسەر قسەکانی دا، سەعدی پیرە تەواو بڕیارەکانی سەرۆکی یەکێتی ورد ورد لەبەرە، ئیتر چۆن نازانێت مووچە و بودجەی چاودێر پێشتر نەماوە!"

لە خاڵی سێیەمیشدا، ئاماژە بەوە دەكات، "سەعدی کە دەڵێ مەلا بەختیار خۆی دەڵێ یەکێتی نیم. تەنھا ئەوەندە دەڵێین: خۆزگە ئەم کاک سەعدییە ئاماژەی بە نووسینێک یان قسەیەکی مەلا بەختیار کردبا لە کوێ گوتویەتی یەکێتی نیم؟ ھەموو کوردێک و سیاسییەک دەزانێ، کە لەپارەوە مەلا بەختیار پەیتا پەیتا گوتویەتی: یەکێتیم و پێویستە یەکێتی بگەڕێتەوە فرە مینبەری، تەنانەت لە کتێبی (لە بری بیرەوەری)یشدا، یەکەمین جار ئەو بۆچوونەی نووسیوە. لەمبارەیەوە تەنھا دەپرسین: دەرکەوتووە لەناو یەکێتیدا، تەنھا ھەلپەرست و سپڵەکان پێیان خۆشە دەست بەسەر چاودێردا گیراوە. تۆ بڵێی سەعدی بیری نەمابێ، کە بەو قسانەی دەروونی ئەو خەڵکانەی ئاسودە کردووە؟"

چاودێر وەڵامی خاڵی چوارەمی سەعدی پیرە دەداتەوە و دەڵێت: "یەکێتی ھەقی خۆیەتی موڵکی خۆی بگەڕێنێتەوە، دەڵێین: گریمان ئەم قسانەی سەعدی دروست بن، باشە لەم حاڵەتەدا نەدەکرا باسەکە لە مەکتەبی سیاسی کراباو بە بڕیارێکی سیاسی وەرگیرابا و بڕیارەکە بە بەئسوڵیش بە چاودێر ڕاگەیاندرابا یان بڕیاری حاکمیان بۆ دەرچووبایە.. ھەتا چۆڵی بکەن، ھیچ ڕێگەیەک نەبوو.. جگە لە ناردنی کۆماندۆ بۆسەر بارەگای چاودێر و ماڵی مەلا بەختیار لە خانەقین؟"

باسی دوا خاڵی سەعدی پیرە دەكات و دەشڵێت: "دوا خاڵیش، کە دەڵێ من ئادابی برادەرێتی دەزانم، خۆ مەلا بەختیار سجن نەکراوە. ئەم وەڵامە کوتومت پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی ئادابی برادەرایەتییە، کە مەلا بەختیار 40 ساڵە سەعدی دەناسێ، ڕەچاوکردنی برادەرایەتی ئەوە بوو بڵێ: ھۆکاری داگیرکردنی چاودێر لە مەکتەبی سیاسی بڕیاری لێنەدراوە، بۆیە وردەکارییەکەی نازانم و ناشمەوێ وەڵام بدەمەوە. پاشان بۆچی باسی سجنکردنی مەلا بەختیار دەکەی؟ ئەمەیان جگە لەوەی کە سەعدی پیرە بێ ئەدەبی کردووە بەرامبەر ئادابی برایەتی ھیچی دیکە نییە."

بە سەرسوڕمانەوە چاودێر دەڵێت: "کاک سەعدی! ئێستا کە تۆ ئەم ھەموو درۆیانە لە بەرامبەر پێشێلکردنی ئازادیی چاودێر و مەلا بەختیار ھەڵدەبەستیت، لێت دەپرسین: ئەی بۆچی، کە بزووتنەوەی گۆڕان جیابوویەوە فزەت نەدەکرد؟ ئەی بۆچی ھاوپەیمانییە دیموکراسییەکەی د. بەرھەم جیابوویەوە متەقت لێوە نەھات؟ یانی بە ڕای سەعدی، بارەگای ناوەندیی چاودێر لەسەر چارەنووسی یەکێتی مەترسیدار بوو؟"

چاودێر ئەوەش بە سەعدی پیرە دەڵێت: "شانازی مەکە کە چاودێرتان داخستووە، چونکە مایەی ئۆباڵێکی مێژووییە، ناشتوانی پاساو بۆ ئەم کار و ئاکارە پێشێلکردنەی دیموکراسی بھێنێ، ھەرچەندە دەزانین وەکوو مەرحوم مام جەلال فەرموویتی: سەعدی درۆزانە!"

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه