شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشکرای کرد کە شەپۆلێکی بارانبارین ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و هەوربرووسکەشی لەگەڵ دەبێت.
ئەمشەو سێشەممە 17/9/2024، ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی بڵاوی کردەوە: "لە ماوەی رۆژانی ڕابردوو لە ئەنجامی دابەزینی یەکەم شەپۆلی بەرفراوانی ساردی جەمسەری باکوور بۆ سەر زۆرێکی وڵاتانی ئەورووپا بە تایبەت وڵاتانی ناوەراستی ئەورووپای دووچاری شەپۆلێکی توندی بارانبارین کردەوە کە لەو چەند رۆژەدا ھەندێ ناوچە زیاتر لە 300 بۆ 400ملم بارانی تێدا باریوە و وەک بینرا کارەسات و لافاوی گەورەی لێکەوتەوە، ھەر لە ئەنجامی ئەو شەپۆلە ھەوایەکی فێنک بۆ سەر وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەراست جوڵەی کرد و لە ناوچەکانمان بووە ھۆی کۆتایی ھاتنی گەرمای ھاوینە و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما کە بۆ رۆژانی داھاتووش بەھۆی مانەوە و بەردەوامی کاریگەری بارستە ھەواکە لەسەر ناوچەکانمان پلەکانی گەرما 2 تا 3 پلەی دیکە نزمدەبنەوە و کەش فێنکتر دەبێت."
ئاماژەشی بەوە داوە: "رۆژی ھەینی 20/9/2024، یەکەم بارانی ئەمساڵ ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و کە لە ئەنجامی ھاتنی بارستە ھەوایەکی شێداری مامناوەندە لە دەریای ناوەراستەوە و بەشێکی لە باکووری تورکیاوە لە دەریای رەشەوە درێژ دەبێتەوە بۆ سەر ناوچەکانی باکووری کوردستان و تورکیا لەو ناوچانەدا بە تایبەت باکووری کوردستان پێشبینی بارانێکی زۆر دەکرێت لەگەڵ ئەگەری دروستبوونی لافاو، بەھۆی چڕی زیاتری شەپۆلەکە و بارستە ھەوا ساردەکە لەسەر ئەو ناوچانە و نزیکی لە ناوچەکانی باکووری ھەرێمی کوردستان لە رۆژی ھەینی بۆ ناوچەکانی پارێزگای دھۆک و ئیدارەی زاخۆ و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی سۆران پێشبینی بارانی مامناوەند و باش دەکرێت بە جیاوازی شوێنەکان بەرێژەی 2 تا 10 ملیممەتر لەگەڵ چالاکبوونی با و ھەورە بروسکە و ئاسمانی ناوچەکەش بە زۆری دەگۆرێت بۆ نیمچە ھەور و ھەوری تەواو."
ئەوەشی خستووەتە روو: "لە سەنتەری پارێزگای ھەولێر و سنووری ئیدارەی راپەرین و ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و کەرکووک بە گشتی کاریگەری لاواز دەبێت و ئاسمان بە زۆری پەڵە ھەور دەبێت و ھەندێک کات دەگۆرێت بۆ نیمچە ھەور لە ھەندێ شوێندا جاروبار نمە باران یان بارانێکی کەم دەبارێت بەرێژەی 0.2 تا 1 ملیمەتر."
وەڵام بدەوه