دهقی وتارهكهی سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستانه:
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
ئامادەبوانی بەڕێز
زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ بەردی بناخەی ئەو پرۆژە گرنگە دادەنێین لێرە لە قوشتەپە. پێش چەند ڕۆژ بەردی بناخەی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێرمان دانا، ئەم پرۆژەی ئەمڕۆش تەواوكەری ئەو پرۆژەیەیە كە ئاوی پاك بۆ دانیشتوانی قوشتەپە و گوندەكانی دەوروبەری دابین دەكات. بەم جۆرە لانی كەم بۆ 20 ساڵی داهاتوو كێشەی كەمئاوی لەم دەڤەرە چارەسەر دەبێت.
كێشەی كەمئاوی تا ئەو ئاستە لە دەڤەری قوشتەپە سەخت ببوو كە مەترسیی چۆڵكردنی هەندێك گوند هەبوو، زۆربەی بیرەكانی ئەم دەڤەرەش كە لە كۆنترین بیرەكانی كوردستانن، وشك بوون كە ئەمەش ئاماژەیەكی مەترسیدارە بۆ دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی.
بە تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە و گەشتنی ئاو بۆ سەرانسەری دەڤەرەكە، زۆربەی ئەو بیرانە، چیتر پێویستییان پێ نامێنێت و بە دروستكردنی چەندەها پۆندی دیكەش لەم دەڤەرەدا، ئاوی ژێرزەوی دەبووژێنینەوە و مەترسیی وشك ساڵی كەمتر دەبێتەوە.
دەڤەری قوشتەپە و خەڵكی نیشتمانپەروەری ئەو ناوچەیە، شایستەی هەموو خزمەتێكن. ئەم دەڤەرە بە ڕێز و میهرەبانی و دڵسۆزییەكی زۆرەوە، ژن و منداڵ و خانەوادەی زۆرێك لەو بارزانییانەیان لە خۆ گرت كە لە لایەن رژێمی پێشووی عێراقدا ئەنفال كران. ئەم هەڵوێستە نیشتمانپەروەرانەی خەڵكی قوشتەپە و هەولێر و دەوروبەری، هەمیشە جێگەی تەقدیر و پێزانینە.
ئەم دەڤەرە زەمینەیەكی لەباری هەیە بۆ پێشكەوتن لە رووی كشتوكاڵی و پیشەسازی و سامانی ئاو، بۆیەشە یەكێك لەو شوێنانەیە كە پلان و بەرنامەكانی داهاتوومان دەیگرێتەوە و پەنا بە خوا دەبێتە یەكێك لە دەڤەرە پێشكەوتووەكانی كوردستان.
پێویستە هەرچی زووتریشە، پارێزگای هەولێر و قەزای قوشتەپە و لایەنە پەیوەندیدارەكانمان، رێكاری ئیداریی باشتر بگرنە بەر بۆ ڕێكخستنەوەی ئەم دەڤەرە لە هەموو ڕووێكەوە، بۆ ئەوەی خزمەتێكی باشتری خەڵكی دەڤەرەكە بكرێت و ئاستی ئەو دەڤەرە لە ڕووی هاتوچۆ و پاكوخاوێنی و سیمای شار و ڕێگەوبانەكان، باشتر ببێت.
خۆشتان بینیتان كە كێشەی كارەباش هێشتا كێشەیەكی بەردەوامی هەموو كوردستانە، ئەوەش لە بەرنامەماندایە كە ئیشەڵا چارەسەرێكی گونجاو بۆ كارەبای هەولێر و دەوروبەر و هەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستانیش ئینشائەڵا دەدۆزینەوە، هەنگاو بە هەنگاو وا دەكەین كوردستان چیتر كێشەیەك بە ناوی كێشەی ئاو و كێشەی كارەبای تێدا نەمێنێت، خوا پشتیوانمان بێت ئینشائەڵا.
جارێكی دیكەش سوپاستان دەكەم، بە هیوای ناوچەیەكی گەشەسەندووتر و كوردستانێكی ئاوەدانتر.
زۆر زۆر بەخێر بێن.
وەڵام بدەوه