بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە خۆشبەرەكان ڕایدەگەیەنێت، كە لە بەردەوامی هەوڵەكانیان بۆ بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی مادە هۆشبەرەكان، توانیویانە باندێكی شەش كەسی دەستگیر بكەن و بڕی یەك كیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری كریستاڵیش دەست بەسەر دابگرن
ئەمڕۆ سێشەممە 30ی 7ی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەكان لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردووەتەوە: "لە بەردەوامی هەوڵەکانمان بۆ بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری و پاشان وەرگرتنی فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لە 29ی 7ی 2024، تواندرا بڕی یەک کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ دەستی بەسەردابگیرێت."
ئەوەش خراوەتە ڕوو: "لەم چالاکییەدا، کە ماوەی دوو ڕۆژی خایاند، باندێکی شەش کەسی مەترسیدار، کە کاری بڵاوکردنەوە و کڕین و فرۆشتنیان بە مادەی هۆشبەرەوە دەکرد دەستگیرکران، درۆنێکیش، کە لەم تاوانکاریەدا بەکاردەهێندرا لەگەڵ چەند پارچە چەک و نارنجۆک و بڕێک دۆلاری ساختەش دەستی بەسەردا گیرا."
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەكان ڕاشیگەیاندووە: "تەواوی تۆمەتباران لەژێر لێکۆڵینەوەدان و بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە."
وەڵام بدەوه