بەپێی ئامارێکی گەشتوگوزاری هەولێر لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا نزیکەی 159 هەزار گەشتیار سەردانی هەولێریان کردووە .
بەپێی هەمان ئامار کە کۆپییەکی بەدەست ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گەیشتووە، سەبارەت بە پلانی گەشتوگوزاری هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژن وەک چۆن داڕێژرابوو، تەواوی بڕگەکانی وەکوو خۆی و بەسەرکەوتوویی جێبەجێ کران؛ وەک دانانی لیژنەی تایبەت بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ گەشتیاران لە بازگەکان و دابەشکردنی ژمارەی تەلەفۆنی لیژنەکان بەسەر گرووپە گەشتیارییەکان و گەشتیاراندا بۆ ئەوەی ھاوکار بن بۆ چارەسەرکردنی هەر ڕووداوێک، یان گیروگرفتێک.
لە ئامارەکەدا هاتووە، لێژنەی تایبەت پێک هێنراوە بۆ بەدواداچوونی ڕەوشی گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان بە مەبەستی دڵنیابوون لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەواو بە گەشتیاران، ئەمە جگە لە ئاگادارکردنەوەی سەرجەم ڕێستوڕانتەکان و پێدانی ڕێنمایی لە کردنەوەی ڕیستۆرانتەکانیان بۆ پیشوازیکردن لە گەشتیاران لە ڕۆژانی جەژن و چاودێریکردنی نرخ لە بنکە گەشتیارییەکان.
ئەوەشی خستە ڕوو: ژمارەی ئەو گەشیارانەیشی تەنها لە ڕۆژانی پشووی جەژن سەردانی هەولێری پایتەختیان کردووە بریتی بوو لە ١٥٨ هەزار و ٨٨٣ گەشتیار. هەروەها لە ماوەی تەنیا شەش مانگی 2022دا، یەک ملیۆن و ١١٧ هەزار و ٣٩٥ گەشتیاری ناوخۆ و پارێزگەکانی عێراق و بیانی سەردانی هەولێر و دەوروبەریان کردووە کە لەم ژمارەیە ٢٣٨ هەزار و ٥٣١ گەشتیاریان بیانین.
وەڵام بدەوه