وەزارەتی شارەوانی هۆشداری بەو فەرمانبەرانە دەدات، كە پێشووتر لە زەوی و خانووی حكوومی سوودمەند بوونە و جەخت دەكاتەوە، كە ئەوەی سوودمەند بووبێـت و فۆڕم پڕ بكاتەوە: "سزای زیندانی و سزای دارایی دەدرێت."
بەپێی رێنوێنیی وەزارەتی شارەوانی، كە لە فۆڕمی دابەشكردنی زەوی بۆ وەزارەت و فەرمانگەكان نێردراوە، تیایدا بڕگەیەك هەیە و ئاماژە بەو فەرمانبەر و خانەشینانە دراوە، كە پێشووتر لە زەوی و خانووی حكوومەت سوودمەند بوون و فۆڕم پڕ بكەنەوە سزایەكی توندیان بۆ دیاری كراوە.
لە رێنوێنییەكەدا هاتووە: "هەر فەرمانبەر و خانەنشینێك پێشتر لە دەوڵەت لە زەوی و خانوو سوودمەند بووبێت و فۆرم پڕ بكاتەوە، زیندانی دەكرێت، كە لە شەش مانگ كەمتر نەبێت و لە دوو ساڵ زیاتر نەبێت."
هەروەها ئەوەش هاتووە: "جگە لە زیندانی، سزای داراییش دەدرێت، كە لە سێ ملیۆن دینار كەمتر نەبێت."
وەزارەتی شارەوانی جەختی كردووەتەوە، ئەوەی پێچەوانەی یاسا فۆڕم پڕ بكاتەوە، وێرای ئەو دوو سزایە، زەوییەكەی كە بۆی ترخان كراوە لێی وەردەگیرێتەوە، هاتووە: "زەوییەكەی لێ دەسەندرێتەوە و دووبارە بەناوی دەوڵەت دەكرێتەوە."
ڕۆژی 27ی03ی2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی، کە سوودمەند نەبوونە و لە رۆژی 31ی5ی2024، وەزارەتی شارەوانی رێنوێنیی ژمارە 2ی ساڵی 2024ی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە رۆژنامەی وەقایعی رەسمیی كوردستان بڵاو كردەوە.
زەردەشت رەفیق، گوتەبێژی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی راگەیاند: "هەموو فەرمانبەرێك بەڵێننامەی ئەوەی لێوەدەگیرێ، كە پێشتر سوودمەند نەبووبێت. ئەگەر فەرمانبەرێك ئاشكرا بوو، كە پێشتر سوودمەند بووە، بەڵام فۆڕمی پڕ كردووەتەوە، ئەوا بەدڵنیاییەوە تووشی سزای یاسایی و دارایی دەبێت". ئەگەر فەرمانبەرێك پێشتر خانووی زێدەڕۆیی لەسەر تاپۆ كرابێت، هاوشێوەی ئەوانەی كە زەوی یان خانوویان لە حكوومەت وەرگرتووە، مافی نییە فۆڕم پڕ بكاتەوە، چونكە بە سوودمەند هەژمار دەكرێت.
ئەنجوومەنی وەزیران لەكۆتایی مانگی رابردوودا، فۆڕمی پێدانی زەوی بە فەرمانبەرانی بۆ وەزارەتەكان ناردووە، كە لەو فۆرمەدا ناوی فەرمانبەر و ناوی دایكی فەرمانبەر و شوێنی نیشتەجێبوونی بەپێی كارتی زانیاری و شوێنی لەدایكبوون و باری كۆمەڵایەتی و ژمارەی ئەندامانی خێزان و ساڵانی خزمەت و پشتگیریی بەردەوامبوونی لە راژە تیایادایە.
پێشتر د.عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان، راگەیاندبوو: "بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێدانی زەوی، هەموو فەرمانبەران دەگرێتەوە، کە لەڕابردوودا سوودمەند نەبوونە، ئەوەش وەکوو مافێکە و حکوومەتیش ئەو مافە دەدات."
بەرپرسەکەی ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە، ناوی فەرمانبەران بەپێی فۆرمەكان و رێنوێنی بەركار بۆ ئەنجوومەنی وەزیران دەنێردرێت.
بەپێی رێنوێنییەكان هەموو فەرمانبەرێكی هەمیشەیی، كە هەشت ساڵ خزمەتی كرداری هەبێت، دەتوانێ فۆڕمی وەرگرتنی زەوی پڕ بكاتەوە.
وەڵام بدەوه