دوای بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە 10 پارێزگای عێراق پشوو ڕاگەیێنرا، هاوکات دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە لە هەولێریش بکرێتە پشوو، بەڵام پارێزگاری هەولێر بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند "سبەی ناکرێتە پشوو".
بەهۆی پێشبینییەکانی کەشناسیی عێراق لەبارەی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ سەروو 50 پلەی سیلیزی، هەریەک لە پارێزگاکانی "بەسرە، دیوانیە، میسان، نەینەوا، زیقار، واست، موسەننا، بابل و دیالە بڕیاریان دا ڕۆژی پێنجشەممە 11-07-2024 بکرێتە پشووی فەرمی.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕاگەیاند: "سبەی لە شاری هەولێر ناکرێتە پشوو".
لەبارەی پێشبینییەکانی کەشوهەوا لە شارەکانی کوردستان، دیلان ڕەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند: " پێشبینی دەکرێت لە دوو ڕۆژی داهاتوو پلەکانی گەرما لە شارەکانی کوردستان هاوشێوەی شارەکانی دیکەی عێراق بەرزبوونەوە بەخۆیەوە ببینێت و بەرزترین پلەی گەرمی پێشبینیکراو بە دیاریکراوی لە کەرکووک و گەرمیان نزیک دەبێتەوە لە 49 بۆ 50 پلەی سیلیزی لە سەنتەری پارێزگاکانی دیکەش بگاتە سەرووی 45 پلەی سیلیزی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بێ کاریگەری نابێت لەسەر تەندروستیی هاوڵاتیان بۆ ئەو مەبەستە دکتۆر سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند: هاونیشتمانیان تاوەکو دەتوانن لە ماڵ دەرنەچن بە تایبەت لە نێوان کاتژمێر 10:00 بەیانی تاوەکو 04:00ـی ئێوارە، لە کاتی چوونەدەرەوەش پێویستە جلوبەرگی کەم و ڕەنگ کاڵ بپۆشرێت، هەروەها دوورکەونەوە لە خۆدانە بەر تیشکی ڕاستەوخۆی خۆر و خواردنەوەی ئاو و شلەمەنییەکان بە ڕێژەیەکی زۆر.
وەڵام بدەوه