کەشناسێکی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لە سێ هەفتەی مانگی تەمووزدا، هیچ شەپۆلێکی گەرمای بەهێز لەئارادا نییە.
سیروان ساڵح، شارەزای کەشناسی، ڕاگەیاند: "لەمڕۆ چوارشەممەوە تاوەکوو ڕۆژی هەینی، پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە، ئەگەری هەیە لە ناوچەکانی دەوروبەری دەریاچەی حەمرین پلەی گەرما بگات بە نزیک 50° پلە."
ئەو کەشناسە ئەوەشی خستە ڕوو: "تەنیا باشووری گەرمیان زۆر گەرم دەبێ، بەڵام ناوچەکانی دیکەی گەرمیان ئەگەری هەیە بگاتە نێوان 46 تا 48 پلە."
سیروان ساڵح دڵنیایی دا، کە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان هیچ مەترسییەکیان نییە، گوتیشی: "وەرزی هاوین بە وەرزی گەرما ناسراوە و هەزاران ساڵە هەروا بووە و پێویست بە هۆشداری و گەورەکردنەی بابەتەكە ناکات."
ئەو کەشناسە زانیارییەکی دڵخۆشەکەری خستە ڕوو و گوتی: "بەپێی نوێترین زانیاری، لەو سێ هەفتەیەی لە مانگی تەمووزدا ماون، هیچ شەپۆلێکی گەرمای بەهێز لەئارادا نییە و پلە گەرمای وەرزی هاوین ئاسایی و جێگیر دەبن."
وەڵام بدەوه