KurdistanPress...

CLOSE

لە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمەوە بۆ حکومەتی عێراق

ئەنجومەنی وەزیران جەخت لە پەرەپێدانی هاوئاهەنگی لەگەڵ دامەزراوە فیدراڵییەکان تایبەت بە دەروازە سنوورییەکان دەکات

ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدڕاڵ دەکات هەرچی زووە مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێم بۆ هەردوو مانگی 5 و6 خەرج بکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی تەممووزی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، دەرئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێم سەبارەت بە دەروازە سنوورییەکان کە لە 2024/7/1 لە بەغدا ئەنجام درا لەلایەن ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ خرایەڕوو.

لە کۆبوونەوەدا جەخت لە پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەپێی دەستوور کرایەوە.

ئەنجومەنی وەزیران پشتگیریی خۆی بۆ لیژنەی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ڕایسپاردن کە لە چوارچێوەی دەستور و یاسا بەرکارەکان، درێژە بە گفتوگۆ لە گەڵ حکومەتی فیدراڵ بدەن و لیژنەیەکی یاسایی پسپۆڕیشی ڕاسپارد بۆ ڕێککەوتن لە سەر داڕشتنی میکانیزمی هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە فیدراڵییەکان تاوەکوو یاسای تایبەت بە دەستەی دەروازە سنوورییەکان هەموار دەکرێتەوە .

پاشان لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبونەوەکە، ئەنجومەنی وەزیران بەدواداچوونی بۆ بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەیەکی گشتی و بە تایبەتیش مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش كرد کە بەداخەوە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵیی تا ئێستا مووچەی مانگی 5 و6 ی خەرج نەکردووە سەرەڕای ئەوەی کە لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە پێشکەش بە تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ کراوە بۆ وردبینی و پێداچوونەوە، لەمبارەیەوە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی وئابووری ڕاپۆرتێکی وردی خستەڕوو.

لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکە، دوا پێشهاتی بابەتی وردبینی و پێداچوونەوەی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و فیدراڵی تاوتوێ کرا و جەختکرایەوە لە بەردەوامی ئاسانکاریی وەزارەتەکان بۆ پرۆسەی وردبینی، هەروەها گفتوگۆ لەبارەی کارەکانی تیمی هاوبەشی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ سەبارەت بە پرۆسەی هاوبەشی یەکخستنەوەی ڕێکارە داراییەکان و ڕێکارەکانی وەرگرتنی باج لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ کرایەوە بە ڕەچاوکردنی دەسەڵاتە دەستووریەکان و بە ئاراستەی برەودان بە هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی دارایی.

ئەنجومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لە هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە خوازیاری چارەسەری ڕاستەقینەی سەرجەم بابەتە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵە، لەم ڕووەوە، دامەزراوەکانی هەرێم پابەندییەکانی خۆیان بەجێگەیاندووە و ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵیشە کە شایستەکانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات هاوتای ناوچەکانی دیکەی عێراق و چیتر خەرجکردنی مووچە دوانەکەوێت .

ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدڕاڵ دەکات هەرچی زووە مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێم بۆ هەردوو مانگی 5 و6 خەرج بکات . هەروەها داوا دەکات شایستەکانی دیکەی هەرێم لە تەرخانکراوەکانی تەشغیلیی و پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان خەرج بکات کە لە خشتە پەسەندکراوەکانی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024 پارەیان بۆ تەرخانکراوە کەچی تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ هەرێم خەرج نەکردووە و لە سەرەتای 2024 یشەوە، هەرێمی کوردستان بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی بە کاش بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ناردووە و مانگانەش لیستی مووچەی مووچەخۆران و تەرازوویی پێداچوونەوەی مانگانەی داهات و خەرجی سەرجەم وەزارەتەکان ،بە شێوەیەکی ڕوون و شەفافانە ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کراوە.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه