شەوى رابردوو شاندێکى حکومەتى هەرێمى کوردستان گەیشتە بەغدا. شاندەکە پێکهاتووە لە رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆ؛ ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى دارایی و ئابوورى؛ ساماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەرى گشتى گومرگى هەرێمى کوردستان. یەکێک لە تەوەرەکانى گفتوگۆى ئەو شاندە لە بەغدا دوو خاڵى گومرگییە کە حکومەتى فیدراڵیى عێراق لەنێوان هەرێمى کوردستان و ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتی دایناون. بازگەى گومرگى باوە مەحموود لەنێوان قەزاى کەلار و خانەقین، بازگەى گومرگى سەد لەنێوان دهۆک و نەینەوا، ئەو دوو بازگەیەن شاندەکەلە بەغدا گفتوگۆیان لەبارەوە دەکات.
بازگەى باوە مەحموود 2017 دانراوە؛ بازگەکەى نەینەواش لە کۆتایی مانگى حوزەیرانى رابردوو تەواو بووە.
بەگوێرەى زانیارییەکان، شاندى هەرێمى کوردستان تاوتوێى هۆکارى دانانى ئەو دوو بازگەیە و پاڵپشتى یاسایی و سوودى ئابوورییان دەکات و، تێبینیی خۆی لەو بارەوە دەداتە بەغدا.
سەرچاوەیەکى ئاگادار لەو بابەتە بە رووداوى گوت "ئەو دوو بازگەیە یاسایی نین و بارگرانیان بۆ بازرگانان دروستکردووە و لە خزمەت بەرژەوەندیی گشتیدا نین."
زۆربەى ئەو کاڵایانەى لە تورکیا و ئێرانەوە هاوردەى هەرێمى کوردستان دەکرێن، کاتێک دەنێردرێن بۆ ناوچەکانى نێوەڕاست و باشوورى عێراق لەو دوو بازگەیە گومرگ دەکرێنەوە.
وەڵام بدەوه