بەرپرسێكی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی ئاشكرای دەكات، لە سەرەتای مانگی داهاتوودا ژمارەیەكی زۆری فەرمانبەران خانەنشین دەکرێن و مووچەی چەند مانگێکیشیان بەسەریەکەوە بۆ خەرج دەکرێت.
یەعقووب ئەحمەد، بەڕێوەبەری خانەنشینانی ئیدارەی سهربهخۆی سۆران، ڕاگەیاند:فەرمانبەرانی لەدایکبووی 1961 تەمەنیان دەگاتە 63 ساڵ و بەپێی یاسا خانەنشین دەکرێن، ئەمساڵیش زۆر لەوانە دەکەونە نێو مانگی حەوتەوە."
سەبارەت بە هۆکاری زۆریی خانەنشینبوون لە مانگی داهاتوودا، گوتی: "زۆر لە خەڵکی هەرێمی کوردستان، بە تایبەت ئەوانەی ساڵانی شەست و حەفتاکانی سهدهی ڕابردوو لەدایکبوونیان 1ی7ـه، بۆیە ئەوانەی 1ی7ی1961ـن خانەنشین دەکرێن."
ڕوونیشی کردەوە، پێشوەختە دەبێت فەرمانگەکان مامەڵەی خانەنشینیی ئەو فەرمانبەرانەیان کردبێت، بۆ ئەوەی له 1ی 7 هەمووشتیان تەواو کرابێت.
ئەو بەرپرسەی خانەشینی جەختی کردەوە، وێڕای ئەو کەسانە، ئەوەی بیەوێت ئارەزوومەندانە خانەشین بێت، ئەوا دەبێت 15 ساڵ خزمەت و تهمهنی له 45 ساڵ كهمتر نەبێت، هەروەها هەر فەرمانبەرێکیش کۆچی دوایی بکات، ئەویش خانەنشین دەکرێت.
وێڕای خانەنشینبوونیان، پاداشتی کۆتایی خزمەت، کە مووچەی شەش مانگە بۆ فەرمانبەرانی شارستانیی خانەنشینكراو خەرج دەكرێت،
بەرپرسەكەی خانەنشین ئاشكراشی كرد، ئەو بڕە پارەیەی وەكوو پاداشتی شەش مانگی خانەنشینی بۆ فەرمانبەرانی خانەنشینكراو خەرج دەكرێت، كێشەی تێدا نییە، گوتیشی: "ئەو پاداشتە لە نێوان فەرمانگەكان و گەنجینەكان دەكرێت و پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە، تەنیا خانەنشینانی پۆلیس لای ئێمە پارەكەیان بۆ خەرج دەكرێت، بۆ فەرمانبەرانی شارستانی ژمێركاری وەزارەتی دارایی فەرمانی خەرجكردنی پارەكە دەردەكات و كێشەی نییە."
بەرپرسێك لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینان لە وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، راگەیاند: پاداشتی خانەنشینییەكە بەپێی مووچە و خزمەتیان دەبێت، هەیە دوو ملیۆن دینارە و هەیە حەوت بۆ هەشت ملیۆن دینارە."
روونیشی كردەوە، هێزەكانی ناوخۆش بەپێی یاسای خانەنشینیی خۆیان، خانەنشین دەكرێت، گوتیشی: "مووچەی بنەڕەتیی ساڵێك دەدرێتە خانەنشینانی هێزەكانی ناوخۆ، بەڵام بۆ فەرمانبەرانی شارستانی، مووچەی بنەڕەتیی شەش مانگە، بۆیەشە ئەوەی ناوخۆ ساڵێكە، چونكە مووچەی بنەڕەتییان زۆر كەمە.
زیاتر لە 247 هەزار خانەنشینی سەربازی و شارستانی مووچە لە حكوومەتی هەرێمی كورستان وەردەگرن.
وەڵام بدەوه