لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، كۆبوونەوەیەكی گرنگ بۆ دەستپێكردنی هەنگاوەكانی دامەزراندنی سێ یەكەمەكانی سەر بەشە زانستییەكان لە دەرچووانی ساڵانی خوێندنی (2017 - 2018) تا (2022 - 2023) بەڕێوە چوو.
ئەمڕۆ یەكشەم 12ـی ئایار، توانا نەجەف بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی كارگێڕی و دارایی رای گەیاند، سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، نووسراوێكی بە ژمارە (1928) لە ڕێكەوتی (2024/4/25) ئاراستە كردووین، بۆ ئەوەی داتا و زانیاریی تەواو لەبارەی سێ یەكەمی زانكۆكان ئامادە بكەین و دواتر ڕەوانەی بەغدای بكەین بەمەبەستی دامەزراندنیان، بۆ ئەوەش ڕوونی كردەوە لەسەر سەرجەم زانكۆكان پێویستە لە ماوەی پێنچ ڕۆژی كاركردندا، تەواوی زانیارییەكان وەك لە خشتەی دیاریكراودا هاتووە و تایبەتە بە سێ یەكەمەكانی سەر بەشە زانستییەكان لە دەرچووانی ساڵانی خوێندنی (2017 - 2018) تا (2022 - 2023)، بە لیستی جیا بەرز بكەنەوە بۆ وەزارەت.
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی كارگێڕی و دارایی ڕای گەیاند، دامەزراندنی سێ یەكەمەكان بەئەركی لە پێشینەی خۆمان دەزانین و لە ماوەی ڕابردوودا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، هەموو هەوڵێكی خۆی لەو بوارەدا خستووەتەگەڕ، چونكە ئەوە مافێكی یاسایی و ئاسایی خۆیانە، لەم قۆناغەشدا پێویستە هەموان پێكەوە هاوئاهەنگ و هاوكاری یەكتر بن، بۆ ئەوەی مافی هیچ یەكێك لە سێ یەكەمەكان نەفەوتێ، بۆیە دەبێ لە تۆماركردنی ناوی چوارییان و بەشەكانیان و تەواوی زانیارییەكان ورد بن، وەك پاڵپشتی و پشتیوانی وەزارەتی بۆ هەر هاوكاری و هاوئاهەنگی و كارئاسانییەك بۆ دووپاتكردنەوە.
لە بەشێكی تری قسەكانیدا، بەڕێوەبەری گشتیی كارگێڕی و دارایی و دارایی ئاماژەی بە هەوڵەكانی وەزارەت لە ماوەی ڕابردوودا كرد و گوتی: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لیستی ناوی هەزار و 982 وانەبێژمان لە زانكۆكانی هەرێم ڕەوانەی بەغدا كردووە بۆ دامەزراندن، بەهەمانشێوە پێشتریش لیستی ناوی 980 لە هەڵگرانی ماستەر و دكتۆرامان ڕەوانەی بەغدا كرد بە مەبەستی دامەزراندن، بۆ ئەمەش بەغدا ڕەزامەندی لەسەر دامەزراندنی 226 كەسیان پێشان دا كە لە دانیشتووانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بوون، ئەوە جگە لە دامەزراندنی دوو هەزار و 75 سێ یەكەمەكان و دوو هەزار و 626 بەشە پزیشكییەكان لە بەغدا، كە بەهەمانشێوە خەڵكی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بوون.
هەر لە قسەكانیدا گوتیشی، لە هەرێمی كوردستاندا ساڵانی ڕابردوو بەهەوڵەكانی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، توانرا سێ یەكەمەكانی ساڵانی (2015-2016) و (2016-2017) دابمەزرێنین، كە ژمارەیان دوو هەزار و 842 یەكەم و دووەم و سێیەم بووە، هیواشی خواست لەم هەوڵەشیاندا سەركەوتوو بن و بتوانن مافی سەرەتایی سێ یەكەمەكان دابین بكەن و ئامانجەكانیان بەدی بهێنن.
وەڵام بدەوه