ئێوارەى ئەمڕۆ شەممە، دانیشتوانى خورماڵ لە ناو بازاڕى خورماڵدا، بە بۆنەى بە قەزابوونى خورماڵ، شیرینییان بەخشییەوە و سوپاسى مەسرور بارزانی سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستانیان کرد.
بەقەزابوونى خورماڵ لە کابینەى نۆیەمى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، دانیشتوانى ئەو شارەى دڵخۆش کردووە، بۆیە دەیانەوێت دیارییەک پێشکەش بە مەسرور بارزانى، سەرۆک ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بکەن.
ئەمین حاجى زەڵمى، گوتەبێژى کەمپینى بەقەزاکردنى خورماڵ، ڕاگەیاند:"بڕیارى بەقەزاکردنى خورماڵ لەلایەن سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستانەوە نێردراوە بۆ سەرۆکایەتیى هەرێم و لەوێوە واژۆى لەسەر کرا، بۆیە ئێوارەى ئەمڕۆ شارمان ڕازاندەوە و دڵخۆشیمان دەربڕى".
گوتیشى: "پێش ئەوەى کە فەرمانی هەرێمى بۆ بە قەزاکردنى خورماڵ دەربچێت، وەکوو خەڵکى خورماڵ پێزانینى خۆمان بۆ سەرۆکى ئەنجوومەنی وەزیران هەبووە، چونکە لە کاتى فەرمانى بەقەزابوونى خورماڵدا بەڵێنى کۆمەڵێک پڕۆژەى خزمەتگوزاریی دا بە خەڵکى شارەکە و ئێمەش هەر لەو کاتەوە دیاریمان بۆ ئامادە کردووە کە پێشکەشى بکەین، بەڵام ئاشکراى ناکەین، دەمانەوێت بیکەینە سوپرایز."
جەختیشى کردەوە:"پێمانخۆشە سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان لە نزیکەوە ببینین و ڕاستەوخۆ سوپاس و پێزانینى پێشکەش بکەین."
وەڵام بدەوه