بەرپرسێكی وەزارەتی شارەوانی ئاشكرای دەكات، لە چەند رۆژی داهاتوودا رێنوێنی و رێكارەكانی چۆنیەتی پێدانی زەوی بە فەرمانبەران بڵاو دەكرێتەوە، دەشڵێت: "رووبەری زەوی 200 مەترە و دەوەستێتە سەر خاڵ و خزمەت و خێزان و منداڵ."
د. چوارس عەبدولهادی، بەرێوبەری گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە وەزارەتی شارەوانی رایگەیاند: "دوای بڕیاری سەرۆكی حكوومەت بۆ پێدانی زەوی بە فەرمانبەران چەند كۆبوونەوەیەك لە وەزارەتی شارەوانی لەگەڵ شارەوانییەكان كراوە بۆ خستنە ڕووی كۆمەڵێك پێشنیار و راسپاردە بۆ بابەتی زەوی و دیاریكردنی ئاستەنگ و كێشەكان."
ئاماژەی بەوەش دا، هەفتەی رابردوو كۆبوونەوەیەكی فراوان بە سەرپەرشتی وەزیری شارەوانی كرا، گوتیشی: "سەرجەم لایەنەكان لە شارەوانییەكان راسپێردران پرسی دیاریكردنی زەوییەكان یەكلایی بكەنەوە، ئەم هەفتەیە، هەفتەیەكی یەكلاكەرەوە دەبێت بە كردەوە ژماری زەوییەكان دەخرێنە ڕوو."
ئەوەشی خستە ڕوو، ئێستا بەشێك لە شارەوانییەكان زەوی پێویستیان هەیە و بەشێكی دیكەش خەریكی چارەسەركردنی كێشەكانن.
ڕۆژی 27ی03ی2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی کە سوودمەندنەبوون بەپێی یاسا و رێنوێنییەکان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە ڕاسپارد.
ئەو بەرپرسەی شارەوانی جەختی كردەوە، رێنوێنی و رێكارەكانی چۆنیەتی پێدانی زەوی بە فەرمانبەران لە لایەن وەزارەتی شارەوانی تەواو كراوە و دراوەتە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پەسندكردنی: "ئەنجوومەمی وەزیران گفتوگۆی لەسەر كردووە و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو رێنوێنی و رێكارەكان پەسند بكرێن و لە رۆژنامەی (وەقایعی كوردستان) بڵاو بكرێتەوە."
د. چوارس عەبدولهادی دەشڵێت: "ئەو فەرمانبەری سوودمەند نەبووبێت، لە وەرگرتنی زەوی، هەمیشەی بێت یان گرێبەست بڕیارەكە دەیگرێتەوە، بەڵام ئەوەش بە قۆناغ دەبێت، دەوەستێتە سەر خاڵ و خزمەت و خێزان و منداڵ."
باسی لەوەش كرد: "رووبەری زەوی 200 مەتر دەبێت و دوای ئەوەی فەرمانبەر زەویەكەی پێ دەدرێت، ئازادە دەیكاتە خانوو یان دەیفرۆشێتەوە."
دووپاتی كردەوە، بڕیارەكە سەرتاسەری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كورستانە و بە كردار لە چەند مانگی داهاتوو زەوی دابەشكردن دەست پێدەكات.
وەڵام بدەوه