لە نووسراوێکدا کە واژۆی سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر و ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی کردووە، داواکراوە هەموو ئەو پەیجانەی لە سۆشیال میدیا ڕێکلام بۆ "بەناو گیادەرمان، ماددەی جوانكاری ڕووخسار و پێست و ڕواندنەوەی قژ لەگەڵ بەهێزكردنی هەستە جنسیيەكان دەكەن"، دابخرێن بەهۆی ئەوەی پێچەوانەی ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستییە.
لە نووسراوەکەدا، وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەکردووە: "ئەوەی ئەو پەیجانە باسی دەکەن، دوورە لە پرەنسیپی پزیشکی و دەرمانسازی و زیان بە لایەنی تەندروستی مرۆڤ و ئابووری دەگەیەنن".
هەروەها وەزارەتی تەندروستی ڕوونیکردووەتەوە: "هەندێک کەس بەناوی پزیشک و دەرمانساز بازرگانی دەکەن بەشێوەی ئۆنڵاین، ئەمەش پێچەوانەی ڕێنماییەکانی وەزارەتە".
وەزیری تەندروستی لە نووسراوەکەدا جەختی کردووەتەوە، پێویستە ئەو پەیج و ئەکاونتە ساختانە دابخرێن و ڕێكاری یاسایی بگيرێتە بەر دژی ئەو كەسانەی ئەو كارە دەكەن.
وەڵام بدەوه