هەنگاوە كردارییەكانی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران کەوتە واری جێبەجێكردنەوە و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوازاریش جەختی لەسەر پەلەكردن لە پرۆسەكە كردەوە.
راگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە: ئەمڕۆ پێنجشەممە 9/5/2024، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە بەشداری ڕاوێژكاران، بەڕێوەبەرانی گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی، یاسا لە وەزارەت، بەڕێوەبەرانی گشتیی شارەوانییەكان، سەرۆكی شارەوانییەكان، بەڕێوەبەرانی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە سەرجەم پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان كۆبوونەوەی دووەمی ئەنجوومەنی شارەوانی، بەمەبەستی دەستپێكردنی هەنگاوە كردارییەکانی بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران بەڕێوەچوو.
ئاماژە بەوە دراوە: "لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەدواداچوونی بۆ كاری شارەوانییەكان كرد كە لە كۆبوونەوەی ڕابڕدوودا ڕایسپاردبوون بۆ زانینی ژمارەی مەزەندەكراوی فەرمانبەران و دابینكردنی زەوی و نەخشەی زەوی و دیاریكردنی شوێن و گرفتە تەكنیكی و یاساییەكان لە سنووری شارەوانییەكانیان بۆ ئەوەی بەزوویی فەرمانبەران لە بڕیارەكەی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی كوردستان بۆ دابەشكردنی زەوی سوودمەند ببن."
روونیش کراوەتەوە: "ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، داوای لێكردن تاوەکوو هەفتەی داهاتوو دەبێت سەرجەم شارەوانییەكان ڕاپۆرتێكی تەواو و تێروتەسەل ئامادە بكەن و تێیدا ژمارەی فەرمانبەران و شوێنی دابینكردنی زەوی لەسەر نەخشەدا دیاری بكرێت، ئاماژەی بەوەش کرد ئەگەر زەوی لە سنووری ماستەرپلاندا بەردەست نەبوو، بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی فەرمانبەران لە وەرگرتنی زەویدا سوودمەند ببن، پێویستە ماستەرپلانی شارەوانییەکان فراوان بکەن و زەوی دابین بکەن."
وەڵام بدەوه