لە دیوانی پارێزگای هەولێر بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر بۆ جێبەجێکردنى فەرمان و ڕاسپاردەکانى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان کۆبوونەوەیەکی گرنگ بەڕێوەچوو.
راگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاوی کردووەتەوە: "ئەمڕۆ سێشەممە 7/5/2024، بۆ جێبەجێکردنى فەرمان و ڕاسپردەکانى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، بە ئامادەبوونى جێگرانى پارێزگار و یاریدەدەر و قائیمقامى ناوەندى، سەرۆکى شارەوانى و بەرێوەبەرانى گشتیى بەرگرى شارستانى، کارەبا و بەڕێوەبەرانى ئاوى هەولێر، شارەوانى یەک، کاروبارى ناوخۆ، قەیرانەکان، ژینگە پارێزى، کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا."
ئاماژە بەوەش دراوە: "لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى دەستخۆشى لە تیمەکانی (بەرگری شارستانی، پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، هاتوچۆ، تەندروستی، شارەوانی، قائیمقامیەتى ناوەندى، پۆلیسى شارەوانى، قەیرانەکانى پارێزگا، دەزگاى خێرخوازى بارزانى، ژینگە پارێزى) لە بەرامبەر ئەنجامدانى ئەرکەکان و هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و بە هاناوەچوونی دوکاندار و زیانلێکەوتووانى بازاڕى قەیسەرى، جەختى لە بەپەلە دەستکردن بە پاککردنەوە و ڕێکخستنەوەى سەرتاسەرى بازاڕەکە و کردنەوەى بازاڕەکە بە ڕووى دوکانداران و هاوڵاتییان کردەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانى ڕاسپارد لیژنەیەکى هونەرى پێکبهێنرێت بۆ خەمڵاندنى نۆژەنکردنەوەى ئەو دوکان و شوێنانەى کە بە هۆى کەوتنەوەى ئاگرەکەوە زیانیان پێگەیشتووە."
ئەوەش خراوەتە روو: "جەخت لە لیژنەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکەى قەیسەرى هەولێر کرایەوە کە پەلە بکات لە ئاشکراکردنى هۆکارەکانی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکە لە زووترین کاتدا بۆ ڕای گشتیى، کە ئایا ڕووداوەکە بە هۆی کەمتەرخەمی و پابەندنەبوون بووە بە ڕێنماییەکان، یان دەستێکی خراپکار لە پشت ڕووداوەکەدا هەن."
روونیش کراوەتەوە: "لە تەورێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر، سەرۆکایەتى شارەوانى، بەرگرى شارستانى، بەڕێوەبەرایەتى کارەباى هەولێرى دەستکراوە کرد بۆ هەڵگرتن و لادانى سەرجەم زێدەڕۆیی و سەرپێچیەکان و هەموو ئەو مەترسیانە کە دەبنە هۆکارى دروستبوونى ڕووداوى لەمشێوەیە لە نێو بازاڕى قەیسەرى و سەرجەم بازاڕە میللیەکان و شوێنەگشتییەکانى دیکەى شارى هەولێر."
هەروەها ئاماژە بەوەش دراوە: "پاشان لە پێناو پاراستنى شوێنە گشتییەکان و سەلامەتى گیانى هاوڵاتییان، تەئکید لە دەستپێکردنى هەڵمەتێکى هوشیارکردنەوە لەلایەن بەرگرى شارستانی کرایەوە، کە لە هەڵمەتەکەدا زانیاری بدات بە خەڵکی گشتیی و کاسبکاران و دوکانداران لە چۆنیەتی ڕێگریکردن و خۆپاراستن لە کەوتنەوەی ئاگر لە ژینگەی ماڵەوە و شوێنی کارکردن و بەکارهێنانى ئامێرەکانى ئاگر کوژێنەوە لە کاتى پێویستدا، ئەوە سەڕاى ئەوەى کۆبوونەوە بە پێویست زانى لە شوینە گشتیەکان و بازاڕ و ناوەندەکان سیستەمی ئاگر کوژێنەوە جێگیر بکرێت، هەروەها بەڕێوەبەرایەتى گشتیى بەرگریى شارستانیى هەولێر ڕاسپێردرا لە ڕاپۆرتێکدا داوکارییەکانى خۆی بۆ دابینکردنى سەرجەم کەلوپەل و پێویستیی و کەم و کوڕییەکانیان بخەنە ڕوو."
جێگەى باسە، شەوی 5/5/2024، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی قەیسەرى شاری هەولێر کەوتەوە و بەهۆیەوە لە کۆی زیاتر لە چوار هەزار دوکان، 227 دوکان و 7 کۆگای بچووکى بازاڕەکە سووتان و زیانیان پێگەیشت.
وەڵام بدەوه