مەترسییەکی گەورە ھەیە کەسێکی شیعی دەبێتە پارێزگاری کەرکوک، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوایین مۆڵەت دەداتە لایەنەکانی کەرکووک بۆ ئەوەی لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکووک ڕێک بکەون، ئەگەرنا خۆی کەسێک بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان دەکات.
ڕێکنەکەوتنی لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەسەر دانانی کەسێک بۆ پۆستی پارێزگار، خەریکە پێدەنێتە قۆناغێکی قوورسەوە کە بەدڵی لایەنە براوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکە نییە.
عەزام حەمدانی، ئەندام لە هاوپەیمانی عەزم ڕایگەیاند: "ڕەنگە دەستوەردانی حکومەتی ناوەندی ڕووبدات بەدەستنیشانکردنی کەسێک بۆ ئیدارەدانی ئەم پارێزگایە، لەوانەشە وەکو فشارێک بێت بۆ هێزە سیاسییەکان بۆ ئەوەی بە زوویی پارێزگارێک هەڵبژێرن".
قەحتان وەنداوی، لێپرسراوی لقی کەرکووکی بەرەی تورکمانی پێیوایە چارەسەر بۆ دابەشکردنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک ئەوەیە "بەشێوەی خوول لە نێوان نەتەوەکان" بێت و دەڵێت: "ئێمەش وەکو تورکمان مافمان هەیە ئەو پۆستە وەربگرین". سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە، ئەگەر بێتو لە کۆبوونەوەی ئایندە لەسەر پۆستی پارێزگار نەگەنە ڕێککەوتن، ئەوا خۆی کەسێک دادەنێت. ئەو کەسەش عەرەبێکی شیعە مەزهەبە.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ڕایگەیاند: "قسەی سەرەتاو کۆتاییمان ڕێککەوتنێکە ڕەزامەندی سەرجەم لایەنەکانی لەسەر بێت". هاوکات گەیلان قادر، پەرلەمانتاری یەکێتی لە عێراق ڕایگەیاند: "یەکێتی دەیەوێت لە ڕێی ئەندامانی خۆیەوە لە پەرلەمانی عیراق ڕێگر بێت لە دانانی کەسێک لەلایەن سەرۆکوەزیران".
وەڵام بدەوه