گوتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، تەواوی لایەنە عێراقییەكان كۆكن لەسەر بە بانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ولایەنی عێراقیش پڕۆژەی "هەژماری من"یان رەت نەكردووەتەوە و حكوومەتی عێراق نەیگووتووە لە پرۆسەی بە بانكیكردندا تەنیا پشت بە "بانكی رافیدەین و رەشید" دەبەسترێت.
ئەمشەو یەكشەم 28ی نیسانی 2024، دڵشاد شەهاب گوتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی كۆبوونەوەكانی نێچیرڤان بارزانی و لایەنە عێراقییەكان ئاماژەی بەوە كرد، حكوومەتی ناڵێت بۆ بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەران تەنیا پشت بە "رافیدەین و رەشید" ببەسترێ، بەڵكو هەموو لەسەر ئەوە كۆكن كە پێویستە گرەنتی ئەوە بكرێت كە مووچەكە لە رێگەی بانكییەوە بە مووچەخۆر بگات.
گوتەبێژیەكەی سەرۆكایەتی هەرێم ئاماژەیشی دا، تەواوی ئەو بانكانەی لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە دەستنیشان كراون، لە رێگەی بانكی ناوەندییەوە متمانەیان پێدراوە و بانكە بەشدارەكانی هەژماری من هیچ جیاوازییەكانیان نییە لەگەڵ بانكەكانی تر، چونكە متمانەیان لە بانكی ناوەندی و حكوومەتی فیدراڵ وەرگرتووە.
وەڵام بدەوه