Kurdistan Press - مەسرور بارزانی بڕیارەکانی ئەمڕۆ راگەیاندران مەسرور بارزانی بڕیارەکانی ئەمڕۆ راگەیاندران | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

مەسرور بارزانی بڕیارەکانی ئەمڕۆ راگەیاندران

ئەمڕۆ چوارشەممە، 27-03-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا رایگەیاند، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانی راسپاردووە دەست بکەن بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو و ئامادەکاریش بکەن بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی سێ و مانگەکانی داهاتووش. گوتیشی، "ئێمە حکوومەتی فیدراڵیی دەخەینە بەر بەرپرسیارتییەکی دەستووری و ئەخلاقی تاکو ئەو بەڵێنەی بە ئێمەیان داوە بۆ دابینکردنی مووچەکان جێبەجێ بکەن ". 

دەقی لێدوانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

هاووڵاتییانی خۆشەویست

هەر وەک چۆن دوێنێ بەڵێنمان پێدان کە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران هەندێک بڕیار لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندا بدەین، ئەمڕۆ دەمەوێت پێتان ڕابگەیەنم، وێرای دەستخۆشی و سوپاسگوزاریم بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژیی خەڵکی کوردستان، پێتان دەڵێم کە ئێمە بڕیارمان داوە بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو و وەزارەتی داراییم ڕاسپاردووە کە ئەوان دەست بکەن بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو و ئامادەکاریش بکەن بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی سێ و مانگەکانی داهاتووش. ئێمە حکومەتی فیدراڵیی لە بەغدا دەخەینە بەر بەرپرسیاریەتییەکی دەستووری و ئەخلاقی کە ئەو بەڵێنەی بە ئێمەیان داوە جێبەجێ بکەن بۆ دابینکردنی مووچەکان. 

ئەو ئەرکەی لەسەر شانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە هەموومان جێەجێ کردووە، بە سوپاسەوە وەزارەتی دارایی، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتە مەعنییەکان هەموو کاری پێویستییان کردووە بۆ ئەوەی هەموو ڕێکارەکان بگرنەبەر و هەموو ئەو بیانوویانەی تاوەکو ئێستا بەکارهێنراون هەموویان نەهێڵن و ئەوەی لەسەر شانی ئێمە بووە کردوومانە و هیوادارین ئەمە ببێتە قۆناغێکی نوێ بۆ ئەوەی مووچەکان لە کاتی خۆی و وەکو پێویست دابەش بکرێت. 

هەروەها لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان ئێمە هەندێک بڕیاری ترمان لە ئەنجوومەنی وەزیران داوە بۆ ئەوەی بتوانین ئەم بارە قورسە ناهەموارە ئابوورییەی کە کەوتووەتە سەر شانی خەڵکی هەرێمی کوردستان تۆزێک بۆیان سووک بکەینەوە. بڕیارمان داوە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەست بکات بە تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی کە تاوەکو ئێستا لە حکوومەت سوودمەند نەبوون. 

داوامان کردووە داشکاندن بکرێت لە پارەی کەڵەکەبووی کارەبا بە ڕێژەی 20%. ئێمە وەزارەتە مەعنییەکانمان ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی ئەمە بکەن هەروەها بۆ داشکاندنی 20% لە سزای کەڵەکەبووی مرور (هاتووچۆ) و داشکاندنی 50% لە ڕسووماتی هێنانی گۆشت و هەروەها داشکاندنی 20% لە کرێی خوێندنی پارالێل لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان. هەروەها لێخۆشبوونی سزا لە داوکەوتنی بەشداریی دەستەبەریی کۆمەڵایەتی و ڕاسپاردنی وەزارەتی شارەوانی بۆ داشکاندنی ڕسووماتی کەڵەکەبووی ئاو بە ڕێژەی 20% و داشکاندنی ڕسووماتی شارەوانی بەتایبەت کرێی کرێچییەکانی وەزارەتی شارەوانی، ئەوانیش بە هەمان شێوە بە ڕێژەی 20% و لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی باج لەلایەن پیشەوەران، کاسبکاران و کەمدەرامەتان. 

هیوادارم  ئەم هەنگاوانە و ئەم بڕیارانە بتوانن تا حەددێک یارمەتی خەڵکی کوردستان بدەن. من جارێکی دیکە سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژیی ئەوان دەکەم و هیوادارم ئێمە بتوانین پێکەوە ئەم قۆناغە تێپەڕینین و ئەمە ببێتە دەستپێکێک بۆ کۆتاییهێنان بە ئابڵووقەی ئابووری کە کەوتووەتە سەر هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بە قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان و پێ بنێینە قۆناغێکی نوێتر و بتوانین لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بگەینە ئەنجامی باش بۆ چارەی هەموو ئەو گرفتانەی کە لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ماون. 

ئەوەی لەسەر شانی ئێمەیە و ئەرکی ئێمەیە، جێبەجێمان کردووە و بەردەوامیش دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر لە خزمەتی خەڵکی کوردستاندا بین. 

ئێوە هەر شاد و سەرکەوتوو بن و کوردستانیش هەر ئاوەدان بێت.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه