ئەمڕۆ یەكشەممە 24/3/2024، بەشی پێشبینیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، هۆشدارییەكی لەبارەی كەشوهەوا بڵاو كردەوە، تێیدا ئەوە خراوەتە ڕوو، لە ئەنجامى کاریگەریى دوو نزمەپاڵەپەستۆى دەریاى سوور و کەنداوى عەرەب، لە دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆوە شەپۆڵێکى بارانبارین ڕوو لە ناوچە جیاجیاکانى هەرێمی كوردستان دەکات.
ئاماژە بەوەش دراوە، سەرەتا شەپۆلە بارانەكە لە باشوورى هەرێمی كوردستان دەست پێدەکات، بە تایبەت لە كاتەكانی درەنگانی شەودا لە ئیدارەى گەرمیان زۆرترین باران دەبارێت، بڕى بارانبارینى پێشبینیکراو بۆ ئیدارەى گەرمیان لە نێوان 35 بۆ 45 ملم دەبێت، هەندێك کات هەورەتریشقە و لێزمەباران دەبێت و ئاستی ئاو بەرز دەبێتەوە.
بەشی پێشبینیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن باسی لەوەش كردووە، کاریگەریى ئەم شەپۆلە درێژ دەبێتەوە بۆ سەر بەشێک لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەى ڕاپەڕین، بڕى باران بارینى پێشبینیکراو لەم شوێنانە لەنێوان 20 بۆ 25 ملم دەبێت.
ڕوونیش كراوەتەوە، ئەو بارانبارینی ڕوو لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ناوچە شاخاوییەكانیش دەكات، بڕی بارانی پێشبینیکراو لە سەنتەرى هەولێر 10 بۆ 15 ملم دەبێت، لە ئیدارەى سەربەخۆى سۆران و ناوچە شاخاوییەکانیش لە سەرووى 20 ملم دەبێت.
هەر لە هۆشدارییەكەدا پێشبینیی ئەوەش كراوە، لە سنوورى پارێزگاى دهۆک و ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆ کاریگەریى ئەم شەپۆلە بارانبارینە لاواز دەبێت، بڕى بارانبارینى پێشبینیکراو لەم شوێنانە لەنێوان 7 بۆ 12 ملم دەبێت.
بەشی پێشبینیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن هۆشداریی ئەوەشی داوە، لەگەڵ بارانبارین، لە شەودا بارستەهەوایەکى سارد روو لە ناوچەکەمان دەکات، بەفر لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان دەبارێت، ئەگەرى تەرزەبارینیش لەگەڵ ئەم شەپۆلە بارانبارینە هەیە، لە دواى نیوەڕۆى ڕۆژى دووشەممە 25/3/2024وە، کاریگەریى ئەم شەپۆلە کۆتایى دێت.
وەڵام بدەوه