سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرنەڤاڵی نەورۆز لە ئاکرێ وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: "هیچ ساڵێک لە هیچ شوێنێک وەک ئاکرێ یادی جەژنی نەورۆز نەکراوەتەوە و و دەمانەوێت ئاکرێ ببێتە بنکەی یادکردنەوەی جەژنی نەورۆز."
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 20/3/2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرنەڤاڵی نەورۆز لە ئاکرێ وتارێکی پێشەکەش کرد و رایگەیاند: "ئەوە چەندین ساڵە گەنج و لاوانی ئاكرێ مەشخەڵ هەڵدەكەن و بەسەر چیا دەكەون و نەورۆز لێرە لە ئاكرێ پیرۆز دەكەن، كە لە هیچ جێیەكی دیكەی دونیادا ئەم بۆنەیە وەك ئاكرێ و بەم شێوەیە پیرۆز نەكراوە. بۆیە ئێمە پێمان خۆش بوو كە ئەمساڵ بێینە ئێرە، تاوەكوو لە هەموو ساڵەكانی داهاتوو ناوەندی ئاكرێ ببێتە ناوەندی پیرۆزكردنی نەورۆز لەسەر ئاستی كوردستان و جیهان."
گوتیشی: "من پیرۆزبایی لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم، چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوەی كوردستان، پیرۆزبایی لە هەموو ئەو گەل و نەتەوانەش دەكەم كە نەورۆز پیرۆز دەكەن."
راشی گەیاند: "جێی خۆیەتی سوپاسی خەڵكی كوردستان بكەم كە بەراستی لەم ماوەیەی رابردوودا گەلێك خۆڕاگر بوون بەرامبەر بە ناخۆشیی ژیان، بە تایبەتیش نەبوونی مووچە و بودجە و گەلێك ناخۆشیی دیكە كە هاتوونەتە پێشەوە، هەرچەندە گرفتی ئێمە بەس مووچە نییە، لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی فیدڕاڵ لە گفتوگۆداین تاوەكوو ئەم بابەتە چارەسەر بكەین، وەكوو پێی گوتووین، ئیشەڵا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دێتە چارەسەر كردن و هیوادارم ئەم بابەتە چیدی نەبێتە پرس و گرفت بۆ خەڵكی كوردستان."
دەقی وتارەکەی سەرۆکی حکوومەت:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان، ئامادەبوانی هێژا، میوانانی قەدر گران، ئێوە گەلێك بەخێر هاتن بۆ ئاكرێ، بۆ ناوەند و پایتەختی نەورۆز. نەورۆزی ئێوە هەمووتان پیرۆز بێت.
ئەوە چەندین ساڵە گەنج و لاوانی ئاكرێ مەشخەڵ هەڵدەكەن و بەسەر چیا دەكەون و نەورۆز لێرە لە ئاكرێ پیرۆز دەكەن، كە لە هیچ جێیەكی دیكەی دونیادا ئەم بۆنەیە وەك ئاكرێ و بەم شێوەیە پیرۆز نەكراوە. بۆیە ئێمە پێمان خۆش بوو كە ئەمساڵ بێینە ئێرە، تاوەكوو لە هەموو ساڵەكانی داهاتوو ناوەندی ئاكرێ ببێتە ناوەندی پیرۆزكردنی نەورۆز لەسەر ئاستی كوردستان و جیهان. من پیرۆزبایی لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم، چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوەی كوردستان، پیرۆزبایی لە هەموو ئەو گەل و نەتەوانەش دەكەم كە نەورۆز پیرۆز دەكەن.
جێی خۆیەتی من لەم دەرفەتەدا سەرەخۆشی لە كەسوكاری ئەو بنەماڵانە بكەم كە دوێنێ بەهۆی باران و لافاو لە دهۆك و زاخۆ گیانی خۆیان لەدەست دا، هیوادارم خوای گەورە بە بەهەشتی بەرینیان شاد بكات و سەبر و ئارامیش بداتە كەسوكاری ئەوان. گەلێك كەسیش ماڵ و موڵكیان زەرەر و زیانی پێكەت، من حەز دەكەم پێیان بڵێم كە ئیشەڵا خوا دەرفەت بدات، ئێمە قەرەبوویان دەكەینەوە و ئەوەی پێمان بكرێت بۆ ئەوەی ئەو زەحمەتی و ئازار و ناخۆشییەی كە پێیان گەیشتووە، سووك بكەین.
جێی خۆیەتی سوپاسی خەڵكی كوردستان بكەم كە بەراستی لەم ماوەیەی رابردوودا گەلێك خۆڕاگر بوون بەرامبەر بە ناخۆشیی ژیان، بە تایبەتیش نەبوونی مووچە و بودجە و گەلێك ناخۆشیی دیكە كە هاتوونەتە پێشەوە. هەرچەندە گرفتی ئێمە بەس مووچە نییە، ئێمە داخوازی و ڕێباز و خاك و ڤیانی ئێمە گەلێك لە مووچە زیاترە، بەڵام ئەوە ژیانی خەڵكی پێوە گرێدراوە، بۆیە ئێمە هەموو هەوڵێكمان داوە تاوەكوو ئەم بابەتە چارەسەر بكرێت. هەرچەندە دەستی زۆر خراپ هەبوون بۆ تێكدانی بابەتی نەناردنی مووچە و دابینكردنی مووچەی خەڵكی كوردستان. جێی خۆیەتی من سوپاسی ئەوانە بكەم و دڵنیایی بدەم كە لەگەڵ بەڕێز سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی فیدڕاڵ لە گفتوگۆداین تاوەكوو ئەم بابەتە چارەسەر بكەین، وەكوو پێی گوتووین، ئیشەڵا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دێتە چارەسەر كردن و هیوادارم ئەم بابەتە چیدی نەبێتە پرس و گرفت بۆ خەڵكی كوردستان.
نەورۆز رۆژێكی نەتەوەییە، ئێمە لەم ڕۆژەدا جارێكی دیكە پەیمان بە خوای خۆمان و خوێنی شەهیدانی خۆمان و پێشمەرگەی خۆمان و خەڵكی كوردستان، كە ئێمە بەرگریی لە ماف و دەستكەوتەكانی خەڵكی خۆمان بكەین، لە قەوارەی كوردستان بكەین، ڕووبەڕووی ستەم و بێدادی و نادادپەروەری و گەندەڵی دەبینەوە و ئیشەڵا لەسەر ئەو پەیمانە بەردەوام دەبین.
نەورۆز ڕۆژێكی نوێیە، دەستپێكێكی نوێیە، ساڵێكی نوێیە، بەڵام بۆ ئێمە نەورۆز ژیانێكی نوێیە و هیوادارم ئەمڕۆ ببێتە سەرەتایەك بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو خۆشی و دەستكەوتی زیاتری بۆ گەلی ئێمە تێدا بێتە دەست.
وەڵام بدەوه