ئەمشەو یەکشەممە 17/3/2024، هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی بڵاوی کردەوە: "شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین و هەورەبرووسکە و تەرزە و ڕەشەبای بەهێز، سەرتاسەری ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و بۆ ماوەی جەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت، کە هاوشێوەی شەپۆلە بەهێزەکەی ناوەراستی مانگی رابردوو دەبێت و لە شوێنە نزمەکانی (هەولێر، دهۆک، کەرکووک، سلێمانی، گەرمیان، ڕاپەڕین و سۆران) بەهۆی بەهێزی شەپولەکە و بارانی بەلێزمە مەترسی دروستبوونی لافاو هەیە و هەروەها ئەگەری دروستبوونی هەوری سوپەر سێل بۆ هەندێ لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کراوە دەبێت."
ئاماژەشی بەوە داوە: "پێشبینی دەکرێت لە سبەینێوە کە دەکاته ڕۆژی دووشەممە 18/3/2024، لە ئەنجامی هاتن و کاریگەری بڕێکی زۆری شێ مەداری لە ناوچەکانی باکووری خۆرهەڵاتی ئەفریقا و بە یەکگەیشتن و تێکەڵبوونی دوو نزمە پەستان یەکەمیان لە ناوچەکانی دەریای سپی ناوەڕاستەوە دێت و دووەمیشیان لە دەریای سووره شەپۆلێکی پچڕپچڕی بارانبارینی زۆر بەهێز و هەورەبرووسکە و تەرزەی قەبارە گەورە سەرجەم ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە."
ئەوەشت خستووەتە روو: "سەرەتای بارانبارینەکە بە نمەباران لە درەنگانی ئەمشەو دووشەممە بۆ کاتی بەرەبەیان لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای دهۆک، پارێزگای موسڵ دەستپێدەکات، دواتر دەگۆڕێت بۆ بارانی مامناوەند و بەخوڕ لەدوای خۆرهەڵاتن بەدواوە بۆ کاتەکانی پێش نیوەڕۆ کاریگەریی شەپۆلەکە فراوانتر دەبێت و تەواوی ناوچەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، ڕاپەڕین، ئیدارەی سۆران، گوێڕ، شەمامک، قەراج، کەندێناوە، مەخموور، سەرگەڕان، کۆیە و دەورووبەری دەگرێتەوە.
راشی گەیاندووە: "لە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 19/3/2024، بۆ درەنگانی شەوی چوارشەممە چەقی شەپۆلەکە دەبێت و ئاسمان لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەهەوری نزم و مامناوەند داپۆشراوە، پێشبینی دەکرێت شەپۆلەکە لەسەرجەم ناوچەکان زیاتر قوڵ ببێتەوە و هەورەبرووسکە چالاک دەبێت و تاوەبارانی بەهاری مامناوەند بۆ بارانی بەلێزمەی بەهێز دەستپێدەکات، بڕ و جۆری بارانبارینەکەش لە شوێن بۆ شوێن دەگۆڕێت و لە هەموو ناوچەکان ئەگەری بارانبارینی زۆرباش هەیە پشکی شێر بەر ناوچە شاخاوییەکان دەکەوێت، هەروەها ئەگەر هەیە سەنتەری پارێزگای دهۆک و قەزاوناحیەکانی زۆرترین بڕی بارانی لێ ببارێت کە بڕەکەی لەنێوان 100 تا 150ملم بارانە، بە تایبەت ناوچە شاخاوییەکانی بەهۆی کاریگەریی زۆری نزمەپەستانی دەریای ناوەڕاست لەسەر ناوچەکانی دهۆک.
روونیشی کردووەتەوە: "ڕۆژی سێشەممه 19/3/2024، لە هەندێ لەناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی چڕبوونەوەی زیاتری هەورەکان ئەگەری دروستبوونی هەوری سوپرسێڵ هەیە کەزۆرترین بڕی شێ ڕێژەیی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە لەماوەی 2 بۆ 4 کاتژمێر زۆرترین بڕی باران دەبارێنێ دەبێتە هۆی دروستبوونی لافاو لەو ناوچانەی ڕووی تێ دەکات، ڕۆژی چوارشەممەش 20/3/2024، لە کاتەکانی ئێوارە کاریگەریی شەپۆلەکە بەرەو لاوازبوون دەچێت.
ئاماژەشی بەوە داوە: "ڕۆژی پێنجشەممە 21/3/2024، کەشوهەوای پارێزگای هەولێر، کەرکووک و گەرمیان نیمچە هەور دەبێت و کەشوهەوا ئاسایی دەبێت، بەڵام ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر، دهۆک، ڕاپەڕین و سلێمانی ئەگەری تاوەبارانی بەهاری هەیە، هەروەها ڕۆژی هەینی 22/3/2024، ئەگەری تاوەبارانی مامناوەندی باش هەیە لە زۆربەی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان تاوەکوو ئێوارەی ڕۆژی شەممە، لە ناوچە شاخاوییەکانیش ئەگەری تاوەبارانی مامناوەند هەیە دواتر کاریگەریی شەپۆلەکە بەرەو لاوازبوون دەچێت.
ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی راشی گەیاندووە: "ڕۆژی دووشەممە 18/3/2024، خێرایی با لەنێوان 15 تا 20 کیلۆمەتر لەکاتژمێرێکدا دەبێت، بەڵام ڕۆژی سێشەممە 19/3/2024، خێرایی با لە کاتەکانی نیوەڕۆ بۆ ئێوارە بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات لە هەندێ شوێن دەگاتە 30 تا 40 کیلۆمەتر لەکاتژمێرێکدا، پلەکانی گەرماش بە رێژەی 1 تا 3 پلەی سیلیزی نزمدەبێتەوە و لەناوچە شاخاوییە سنوورییەکانیش ئەگەری بارینی بەفرێکی کەم هەیە، بەڵام لە ڕۆژی شەممە لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری بەفربارینی زیاتر هەیە.
وەڵام بدەوه