سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران وردەكاری پارەی فیعلی رەوانەكراوی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە بۆ ساڵی 2023 بڵاو كردەوە، بەپێی ئەو وردەكارییەی ئەنجوومەنی وەزیران، لە ساڵی 2023دا پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا زیاتر لە 16 تریلیۆن و 497 ملیار دینار بووە، بەڵام بەغدا تەنیا 998 ملیار دیناری وەك پشكی هەرێم رەوانە كردووە.
ئەمڕۆ هەینی 15ی ئاداری 2024، سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران وردەكاری ناردنی پارەی فیعلی رەوانەكراوی بۆ كوردستان لەلایەن حكوومەتی فیدراڵەوە بۆ ساڵی 2023 بڵاو كردەوە و هاوكات ئاماری داهاتە رفیدراڵییەكانی لە هەرێمی كوردستان بۆ هەمان ساڵ روون كردووەتەوە.
بەپێی روونكردنەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، پارەداركردنی هەرێم وەک شایستەی خۆی لە بودجە و ئەو قەرزانەی لە 2023 بە هەرێمی کوردستان دراوه لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە كە کۆی گشتی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی عێراق بۆ ساڵی 2023 کە پێشبینی دەکرا وەک پارەی مانگانە لە ماوەی ئەو ساڵەدا بدرێت بە حکوومەتی هەرێمی کورستان بریتییە لە 16 ترلیۆن و 497 ملیار دینار (12 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار).
لە روونكردنەوەكەدا هاتووە، ئەو بڕە پارانەی حکومەتی فیدراڵ بە پێی پشکی خۆی لە بودجەی گشتی فیدراڵی داویەتی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە مانگی یەکی ساڵی 2023 بڕی 400 ملیار دینار و و لە مانگی تەمموزی 2023 بڕی 598 ملیار دینار بووە، کە کۆی گشتی دەکاتە 998 ملیار دینار (756 ملیۆن دۆلار).
ئەنجوومەنی وەزیران زیاتر روونی كردووەتەوە لەبارەی ئەو پارانەی كە بە قەرزر دراون بە حكومەتی هەرێم لەلایەن حكوومەتی فیدراڵەوە، ئەو بڕە پارانەی وەک قەرز لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە دراوە بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی ساڵی 2023 دا کە بە پێنج بەش نێردراوە بریتی بووە لە سێ تریلیۆن و 700 ملیار دینار (دوو ملیار و 800 ملیۆن دۆلار).
لەبارەی ئەو داهاتە فیدراڵییەكانەوە لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2023، ئەنجوومەنی وەزیران بڵاوی كردووەتەوە، داهاتە نەوتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە دەبێت بگوازرێتەوە بۆ گەنجینەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی عێراق، داهاتی سافی بەدەستهاتوون تا ئەوکاتەی هەناردەکردن وەستاوە لە (25ـی ئاداری 2023)، واتە دوای پێدانی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان، کە ئەم ژمارە و داتایانە لەلایەن کۆمپانیای نێودەوڵەتی وردبینی دیلۆیتەوە وردبینییان لەسەر کراوە، بەپێی راپۆرتی پەسەندکراوی دیلۆیت: بریتییە لە یەک ترلیۆن و 693 ملیار دینار (یەک ملیار و 282 ملیۆن دۆلار).
لەبارەی داهاتی دەروازە سنوورییەکانیش ئەنجوومەنی وەزیران روونی كردووەتەوە كە رێژەی 50%ـی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان، دەبێت بگوازرێنەوە بۆ خەزێنەی فیدراڵی، بە پشتبەستن بە بڕگەکانی ماددەی/21 دووەم یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی ژمارە 13 ساڵی 2023 هەروەها ماددەی 29ـی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە 6ـی ساڵی 2019؛ کە بریتییە لە 728 ملیار دینار (551 ملیۆن و 515 هەزار و 151 دۆلار)..
وەڵام بدەوه