مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی:
خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە دەستپێکی ئەم کۆبوونەوەیەی بیرمەندان و سەرکردە جیهانییەکاندا قسەتان بۆ دەکەم.
ئەمە دەرفەتێکە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیرۆکەکان، لە دۆزینەوەی ئاسۆ و رێگەی نوێ بۆ ئەوەی توانای خۆمان تاقی بکەینەوە و باشتر بین. ئەمەش ئاڵنگارییەکە و پێویستە هەموومان لەبەرچاوی بگرین.
من ئەمڕۆ وەک سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق قسەتان بۆ دەکەم. ئەو هەرێمەی بە درێژایی دوو دەیەی رابردوو توانیویەتی لەناو پاشماوەکانی عێراقی پێشوو خۆی یەکبخاتەوە.
من وەک کەسێک قسەتان بۆ دەکەم کە شانبەشانی ئەو خاوەن بڕیارەی ناوچە خۆشەویستەکەمان وەستاوم، پێکەوە رووبەڕووی زۆرێک لە ئاڵنگاری هاوبەش بووینەتەوە.
هەموومان بە شێوەیەک لە شێوەکان لەسەر ژیانکردن لە سایەی هەڵچوون و گرژییەکان و زۆرێک لەو قەیرانانە راهاتووین، کە بەلایەنی کەم بەدرێژایی چەند دەیەی رابردوو پێویستییان بە ئیدارەدانێکی حەکیمانە هەبووە.
گەلان چ لەسەر ئاستی تاک یانیش کۆمەڵ چاویان لە مافی خۆیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن. مافی چارەی خۆنووسین پاڵنەرێکی سەرەکییە بۆ سرووشتی مرۆڤ، پێویستیمان بە دەستەبەرکردنی ژینگەیەکە کە هاووڵاتی بتوانێت تێیدا بە ئاسوودەیی بژیت.
ئێمە داوایەکی رەوامان هەیە بۆ بڕیاردان لە مافی چارەی خۆنووسین. دۆست و هاوپەیمانەکانمان دانیان بەو مافەدا ناوە، بەڵام لە هەمانکاتدا پێمان دەڵێن، زەرورەتە سیاسییەکان کۆسپ دەخەنە بەردەم هاوکارییەکانیان و رێگرن لە بەردەم دادپەروەی مێژووییدا.
وەڵام بدەوه