مەترسی وشکە ساڵی ھەیە، ساڵی رابردوو تاوەکو ئەمڕۆ لە کەلار کە ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە 155.6 ملیمەتر باران باریبوو، ئەم ساڵ 108.1 ملیمەتر باریوە؛ لە کفری 177.3 ملیمەتر باریبوو، ئەم ساڵ 99.6 ملیمەتر باریوە؛ لە خانەقین 147.9 ملیمەتر باریبوو، ئەمساڵ 106.7 ملیمەتر باران باریوە.
مەریوان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پلاندانان لە کشتوکاڵی گەرمیان راگەیاند، لە سنووری گەرمیان یەک ملیۆن دۆنم زەوی هەیە کە 80%ی بۆ گەنم بەکار دەهێندرێت و ئەوی دیکە باخ و بەرهەمە کشتوکاڵی و باخدارییەکانی دیکەیە.
مەریوان عەبدوڵڵا گوتی، "بە گشتی ساڵانە لە مانگەکانی سێ و چواردا لە گەرمیان باران کەم دەبارێت؛ ئەگەر ئەمساڵیش بەو جۆرە بێت، ئەوە مەترسی وشکەساڵی لە گەرمیان دەبێت. بەڵام ئەگەر لەو کاتەدا بارانی باش ببارێت، هیچ مەترسییەک نابێت.
بارانی باش بۆ دانەوێڵە لە گەرمیان ساڵانە 500 بۆ 600 ملیمەترە. بەڕێوەبەری پلاندانان لە کشتوکاڵی گەرمیان گوتی، بە گوێرەی زەوییەکە 250 بۆ 350 ملیمەتریش باران ببارێت بەرهەمی گەنم دەبێت، بەڵام کەمتر لە بڕی ئاسایی خۆی؛ گوتیشی، "باران لە 250 ملیمەتر کەمتر ببارێت، ئەو ساڵە بە وشکەساڵ رادەگەیێندرێت.
ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق 23 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی گەرمیان کڕی. مەریوان عەبدوڵڵا دەڵێت، بە گوێرەی راپۆرتەکانی بەردەستیان ساڵی رابردوو بەرهەمی گەنمی سنوورەکەیان 180 هەزار تۆن بووە.
جگە لە سنووری گەرمیان لە تەواوی هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەمان رێککەوتی ساڵی رابردوو باران باریوە، بە جۆرێک لە هەندێک شوێن بڕی بارانبارین گەیشتووەتە دوو هێندە و سێ هێندەی ساڵی رابردوو.
وەڵام بدەوه