ئەمشەو شەممە 3/2/2024، هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی بڵاوی کردەوە: "پێشبینیی دەکرێت لە سبەینێوە کە دەکاتە ڕۆژی یەکشەممە 4/2/2024، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێرکاریگەری نزمە پەستانی ناوچەکانی دەریای سپی ناوەڕاست و شەپۆلێکی دیکەی بارانبارینی مامناوەند سەرتاسەری ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
ئاماژەشی بەوە داوە: سەرەتای بارانبارینەکە بە نمەباران درەنگانی ئەمشەو یەکشەممە لەسەر دووشەممە لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای پارێزگای موسڵ و دهۆکەوە دەستپێدەکات، بەتێپەربوونی کات شەپۆلەکە فراوانتر دەبێت و لە کاتی خۆرهەڵاتن بۆ پێش نیوەڕۆ تەواوی سنووری پارێزگای هەولێر و کەرکووک دەگرێتەوە و لە دوای نیوەڕۆش بەدواوە کاریگەری دەگاتە سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، ڕاپەڕین و گەرمیان.
روونیشی کردووەتەوە کە چەقی شەپۆلەکەڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە دەبێت و لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ئەگەری بارانبارینی باش هەیە کە لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر دەگۆڕێت و لە ناوچە شاخاوییەکانیش پێشبینیی زۆرترین بڕی بارانبارین دەکرێت.
هەروەها راشیگەیاندووە: "لە هەندێک لە ناوچە نزمەکان دۆڵ و چەمەکان بەهۆی زۆری بارانبارینەوە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو یاخود دروستبوونی لافاو هەیە و شەو سێشەممەش ئەگەری روودانی تەمومژێکی چڕ لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان هەیە."
وەڵام بدەوه